چوار رۆژ بەهۆی چاکسازییەکانی داناگاز 1070 مێگاوات کارەبا کەم دەبێتەوە

هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاشکرایان کرد، لە کاتژمێر 12:00ـی ئەمشەوەوە بۆ ماوەی چوار رۆژ، بەهۆی دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی چاکسازییەکانی کۆمپانیای داناگاز، هەناردەی گاز کەمدەبێتەوە و بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی کارەبا بە بڕی 1070 مێگاوات کەم دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوە هاوبەشەکەی هەردوو وەزارەت، کۆمپانیای داناگاز دەست بە قۆناخی دووەمی پڕۆسەی چاکسازی دەکات و هەناردەی گاز لە 520 ملیۆن پێ سێجاوە بۆ 260 ملیۆن پێ سێجا کەم دەکاتەوە، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی هەزار و 70 مێگاوات کارەبا دەبێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە ماوەی ئەم چوار رۆژەدا، هەردوو وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدەن تاوەکو ئەم دۆخە کەمترین کاریگەریی لەسەر کاتەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان هەبێت.

هاوکات هەردوو وەزارەت دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتییان و رایدەگەیەنن: هەروەکو پێشتریش رامانگەیاندبوو، ئەم کەمبوونەوەیە لە ماوەی ئەم چوار رۆژەدا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بڕ و دابەشکردنی غازی شلی ماڵان نابێت.

هاوکات رۆژی هەینی، 11ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی کارەبا لە 12ی ئەیلوولی 2026، لە کاتژمێر 4:00ی بەیانی تاوەکو 10:00ی بەیانی، دانیشتووانی سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕووبەڕووی بڕانی تەزووی کارەبا دەبنەوە.
وەزارەتی کارەبا رایگەیاندبوو، بڕانی کارەبا لە چوارچێوەی پرۆسەی تەواوکاریی چاکسازییە لەسەر هێڵەکانی گواستنەوەی (132 kV) لە نێوان هەولێر و دهۆک، هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوە لەپێناو پاراستن و بەردەوامیدانە بە جێگیریی تۆڕی نیشتمانیی کارەبا لە تەواوی ناوچەکەدا.