بۆچی لە هەندێک مزگەوتدا گوتاری هەینی پێشکەش ناکرێت؟
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرتاسەری هەرێم زیاتر لە شەش هەزار مزگەوت هەن و لە زیاتر لە نیوەیاندا گوتاری هەینی دەخوێندرێتەوە، ئاماژە بەوەش دەکات لە تەمەنی کابینەی نۆیەمدا 458 مزگەوت دروست کراون و نۆژەن کراونەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند: دیاریکردن و رێگەپێدان بۆ خوێندنەوەی گوتاری هەینی لە هەر مزگەوتێکدا، راستەوخۆ پشت بە بڕیاری لیژنەی باڵای فەتوا دەبەستێت، کاتێک داواکارییەک ئاراستەی وەزارەتی ئەوقاف دەکرێت، لیژنەی باڵای فەتوا لەسەر بنەمای شەرعی بەدواداچوون بۆ مزگەوتەکە دەکات کە ئایا شیاوە گوتاری تێدا بدرێت یاخود نا.
لەبارەی مەرجەکانی پێشکردنی گوتاری هەینی لە گوند و شارۆچکەکاندا، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتی، ئەگەر لە گوندێک یان ناوچەیەکدا دوو مزگەوت هەبن، تەنیا لە کاتێکدا مۆڵەتی گوتاری هەینی بە مزگەوتی دووەم دەدرێت کە مزگەوتی یەکەم بە تەواوی پڕ بووبێت لە نوێژخوێنان، چونکە ئامانجی شەرع ئەوەیە خەڵک لە یەک شوێندا کۆببنەوە، مەگەر ناوچەکە دوورەدەست بێت، بۆیە تەنیا لیژنەی باڵای فەتوا لەسەر بنەمای شەرعی بڕیار لەسەر ئەو پرسە دەدات.
سەبارەت بە ژمارەی مزگەوتەکانیش، نەبەز ئیسماعیل ئاشکرای کرد: لە هەرێمی کوردستان شەش هەزار و 300 مزگەوت بوونیان هەیە؛ لەو ژمارەیە لە سێ هەزار و 400 مزگەوتدا گوتاری هەینی پێشکەش دەکرێت، ئەوانی دیکەش کە دەمێننەوە هەموویان نوێژنگەن (موسەڵڵان) و پێنج نوێژە فەرزەکەیان تێدا ئەنجام دەدرێت، بەڵام گوتاری هەینییان لێ بەڕێوە ناچێت.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گرنگیدان بە شوێنە ئایینییەکان و گوتی: لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا تا ئەم ساتە، 458 مزگەوت دروست کراون و نۆژەن کراونەتەوە، ژمارەیەکی دیکەش لە قۆناغی دروستکردندان.
نەبەز ئیسماعیل ئەوەشی خستە ڕوو، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تەرخانکردنی زەویی گونجاو لەسەر نەخشەی شارەوانییەکان و دابینکردنی پێداویستییە لۆجستییەکان، بەردەوامە لە پشتیوانیکردن بۆ دروستکردنی مزگەوت و شوێنە ئایینییەکان لەو شوێنانەی کە پێویستیان پێیەتی.