ئەمریکا هۆشداریی ئەمنیی بە پەلە دەداتە هاووڵاتییانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هۆشدارییەکی بە پەلەی ئاراستەی هاووڵاتییانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و، داوای لێ کردن ئەوپەڕی وریایی و خۆپارێزی بنوێنن، لە ئەگەری هەڵوەشانەوەی گەشتەکان، داخرانی ئاسمان و پەرەسەندنی خێرای ململانێ سەربازییەکان.
بەرەبەیانیی هەینی، 9ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە هۆشدارییەکی ئەمنیی بە پەلەدا، داوای لە سەرجەم هاووڵاتییانی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد کە لەبەر ئاڵۆزی و لەبارنەبوونی رەوشی ئەمنیی ناوچەکە، ئەوپەڕی وریایی و چاوکراوەیی بنوێنن.
لە هۆشدارییە ئەمنییەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا ئاماژە بەوە دراوە، کە پێویستە هاووڵاتییان لە ئامادەباشیدا بن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەری هەڵوەشانەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، داخستنی کایەی ئاسمانی لە چەندین ناوچە و، دروستبوونی پشێوی و پەککەوتن لە جووڵەی گەشتکردندا.
وەزارەتەکە روونیشی کردووەتەوە، حووسییەکان دەستیان داوەتە کردەوەی دوژمنکارانە لە دژی سعوودیە، لەوانەش ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانە مەدەنییەکان و ژێرخانە هەستیارەکان کە بووەتە هۆی کەوتنەوەی قوربانی لە ریزی هاووڵاتییانی مەدەنیدا؛ هاوکات پێشبینی کراوە ئەو کردەوانە بە خێرایی پەرە بسێنن و توندتر ببن.
لەو چوارچێوەیەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لەو هاووڵاتییانەی دەکات کە گەشت بەرەو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان لەوێوە بۆ دەرەوە دەکەن، بەردەوام بەدواداچوون بۆ رێکار و زانیارییە نوێکراوەکانی تایبەت بە کارەکانی فڕۆکەخانەکان و کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی بکەن.
لە بەشێکی دیکەی هۆشدارییەکەی وەزارەتەکەدا هاتووە، مەترسیی ئەوە هەیە کە ئێران و ئەو گرووپانەی لایەنگری دەکەن، بەرژەوەندییەکانی دیکەی ئەمریکا لە دەرەوە، یان ئەو شوێن و پێگانەی پەیوەستن بە واشنتن و هاووڵاتییانی ئەمریکی لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا بکەنە ئامانج؛ لە نێویاندا بەئامانجگرتنی کۆمپانیا و دامەزراوە ئەمریکییەکان بەدوور نازانرێت.