مۆسکۆ و واشنتن: چارەی دیپلۆماسی لە ئۆکرانیا گەیشتووەتە بنبەست

کۆشکی کرێملین پشتڕاستی کردەوە، کە مۆسکۆ تەواو هاوڕای واشنتنە لەسەر ئەوەی کە ئێستا هیچ ئاسۆ و نیشانەیەک بۆ گەیشتن بە چارەیەکی دیپلۆماسی بۆ قەیرانی ئۆکرانیا لە ئارادا نییە.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 9ـی تشرینی یەکەمی 2026، دیمتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین)، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا سەبارەت بە لێدوانەکەی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی: مۆسکۆ لەگەڵ هەڵسەنگاندنەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا هاوڕایە لەسەر ئەوەی لەم قۆناخەدا هیچ نیشانەیەک بۆ چارەیەکی دیپلۆماسی لە قەیرانی ئۆکرانیادا بەدی ناکرێت.

ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا هات لەگەڵ رۆژنامەی (کاسیمێرینی یۆنانی)، کە تێیدا قەیرانی ئۆکرانیای بە بنبەستێکی ستراتیژی وەسف کردبوو.

روبیۆ روونی کردبووەوە، کە رووسیا هێشتا دەستبەرداری ئامانجی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی هەرێمی دۆنباس نەبووە، ئەمەش مەرجێکە لە لایەن ئۆکرانیاوە بە هەموو شێوەیەک رەت دەکرێتەوە و قبووڵنەکراوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردبوو، ئەم جۆرە چەقبەستووییە تەنیا لە رێگەی دوو بژاردەوە دەشکێت؛ یاخود بە چارەیەکی دانوستاندنکارانە، یان لە رێگەی هەڵکشانی سەربازیی لە لایەن یەکێک لە لایەنەکان یان هەردوولایانەوە، بە جۆرێک کە بازنەی جەنگ بۆ دەرەوەی سنوورە سەرەتاییەکانی ململانێکە درێژ ببێتەوە. 

هاوکات جەختیشی کردبووەوە، واشنتن ئامادەیە بەردەوام بێت لە گەڕان بە دوای هەر دەرفەتێک بۆ چارە لە رێگەی دانوستانەوە.

لە چاوپێکەوتنێکی جیاوازیشدا لەگەڵ کەناڵی ڤێستیرووسی، دیمتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین جارێکی دیکە دووپاتی کردەوە، هیچ ئاسۆییەکی روون بۆ چارەی دۆخەکە بەدی ناکات، بەڵام ئاماژەی بەوەش دا کە کارامەیی و لێهاتوویی دیپلۆماتکاران لەوەدا دەردەکەوێت کە دەرچەیەک بۆ گواستنەوەی ڕەوشەکە بەرەو ڕێڕەوێکی ئاشتییانە بدۆزنەوە.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە ئەمریکا لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا هەوڵەکانی نێوەندگیریی بۆ چارەکردنی قەیرانی ئۆکرانیا چڕ کردبووەوە؛ لەو چوارچێوەیەشدا ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا و جارید کوشنەر، سەردانی مۆسکۆ و کیێڤیان کردبوو و گفتوگۆیان لەبارەی رێگەچارە شیاوەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە ئەنجام دابوو.