ئەحمەد تورک: دەمیرتاش و یوکسەکداغ لەسەر بیروڕای سیاسی زیندانین نەک چەک

ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری دیاری کورد و هاوسەرۆکی دوورخراوەی شارەوانیی مێردین رەخنەی توند لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەگرێت و راگەیەنێت، تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ پرۆسەی ئاشتی نەنراوە، جەختیش دەکاتەوە کە بەردەوامیی سیاسەتی کات کوشتن و ئازادنەکردنی سەرکردە سیاسییەکان بێئومێدییەکی گەورە لەلای گەلی کورد دروست دەکات.

ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری دیاری کورد و هاوسەرۆکی دوورخراوەی گەورەشارەوانیی مێردین، لە هەڤپەیڤینێکدا رەخنەی توندی لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا گرت و رایگەیاند، دەوڵەت تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنناوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە دواخرانی ئازادکردنی رێبەرانی سیاسیی وەک سەلاحەدین دەمیرتاش بووەتە هۆی دروستبوونی کەشێکی بێئومێدی.

لە بەشێکی دیکەی ئاخاوتنەکەیدا، ئەحمەد تورک باسی لە دواکەوتنی جێبەجێکردنی بەڵێنەکان کرد و گوتی: "پێشتر دەیانگوت لە مانگی ئادار یان نیساندا سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد دەکرێت، بەڵام دوو ساڵ بەسەر ئەو قسانەدا تێپەڕی و هیچ رووی نەدا، تا ئێستاش سیاسەتی کات کوشتن بەڕێوە دەبرێت. ئەگەر بەپەلە هەنگاوی یاسایی نەنرێت، ئەوا بێبڕوایی و بێئومێدییەکی گەورە لەلای گەلی کورد دروست دەکات."

پەیوەست بە پرسی دانانی قەییوم لە شوێنی نوێنەرانی هەڵبژێردراو، هاوسەرۆکی دوورخراوەی مێردین رایگەیاند، دانانی قەییوم پێشێلکردنی راستەوخۆی ئیرادەی گەلە. باسی لەوەش کرد کە لادانی قەییومەکان پێویستی بە یاسای نوێی پەرلەمان نییە و وەزارەتی ناوخۆ دەتوانێت لە هەر کاتێکدا بێت هەڵیانبوەشێنێتەوە، بەڵام عەقڵییەتێک هەیە کە دەیەوێت کۆنتڕۆڵی پرۆسەکە بکات و وەک کارتێک بەکاری بهێنێت.

ئەحمەد تورک جەختیشی کردەوە کە کورد ئامادەی ئاشتییە و پشتگیری لە وەستانی شەڕ و چەک دەکات، بەڵام تەنیا چەکدانان ئاریشەکان چارەسەر ناکات.

هەروەها گوتی: "سیاسەتمەدارانی وەک سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ لەبەر بیرۆکە و چالاکیی سیاسیی خۆیان لە زیندانن و پەیوەندییان بە چەکەوە نییە؛ بۆیە دەبێت حکوومەت هەنگاوی کۆنکرێتی بۆ دەستەبەرکردنی مافە دیموکراتییەکان بنێت تا ئاشتییەکی بەردەوام بێتە ئاراوە."