بەرزبوونەوەی پێوانەیی کرێی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان کڕینی نەوتی ئەمەریکا لەلایەن ئاسیاوە پەکدەخات

بازرگانان و نێوەندگیرانی بواری گواستنەوەی دەریایی رایانگەیاند، بەرزبوونەوەی بێپێشینەی کرێی کەشتییە نەوتهەڵگرە زەبەلاحەکان، نەوتی خاوی ئەمەریکای بۆ پاڵاوگەکانی کیشوەری ئاسیا زۆر گران کردووە، ئەمەش وای کردووە ئەو پاڵاوگانە روو لە کڕینی نەوتی بەدیل لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکای لاتین بکەن.

بەگوێرەی داتاکانی کۆمپانیای "سیمپسۆن سپێنس ئەند یۆنگ" بۆ نێوەندگیریی گواستنەوەی دەریایی، تێچووی بەکرێگرتنی کەشتییەکی نەوتهەڵگری زەبەلاح (VLCC) بە توانای گواستنەوەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی ئەمەریکی لە کەنداوی مەکسیکەوە بۆ چین بۆ مانگی تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر)، لەم هەفتەیەدا گەیشتووەتە 80 ملیۆن دۆلار.

بازرگانان روونی دەکەنەوە کە ئەم تێچووە خەیاڵییە وای کردووە گواستنەوەی نەوت لەو رێڕەوەدا چیتر لەڕووی ئابوورییەوە سوودبەخش نەبێت و دەرفەتی بازرگانی لەڕێگەی جیاوازیی نرخەکانەوە دابخرێت.

تێچووی گواستنەوە بۆ هەر بەرمیلێک نەوت گەیشتووەتە 40 دۆلار، لە کاتێکدا پێش سەرهەڵدانی قەیران و جەنگی ئێران تەنیا 8.60دۆلار بوو. ئەم تێچووە بەرزە یەکسانە بە نزیکەی نیوەی نرخی ئێستای گرێبەستە ئایندەییەکانی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمەریکی (WTI)، ئەمەش قورساییەکی دارایی گەورەی بۆ پاڵاوگەکانی ئاسیا دروست کردووە و لە بەرامبەردا قازانجێکی بێشوماری بۆ خاوەن کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بەدەستهێناوە.

لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، پاڵاوگە ئاسیاییەکان بیر لە جێگرتنەوەی نەوتی ئەمەریکی دەکەنەوە بە نەوتی خاوی "موربان"ی ئیماراتی، ئەم خواستە زۆرەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی جیاوازیی نەوتی موربان بۆ زیاتر لە11دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەراورد بە نرخی نەوتی دوبەی.