باڵیۆزی سعوودیە: گەرووی بابولمەندەب لە چەکدارانی حووسی پاککرایەوە
باڵیۆزی سعوودیە لە یەمەن رایگەیاند، گەرووی ستراتیجیی بابولمەندەب لە پاشماوە سەربازییەکانی حووسییەکان پاککراوەتەوە؛ ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ دروستبوونی شەڕێکی سەخت لە نێوان هێزەکانی عەمالیقەی باشوور و چەکدارانی حووسی و ئازادکردنی دەیان سزادراوی لەسێدارەدان لە شاری تەعز بۆ بەشداری لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ لە دژی حووسییەکان.
هەینی 9ـی تشرینی یەکەمی 2026، محەممەد جەبار، باڵیۆزی سعوودیە لە یەمەن لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا نووسیویەتی: هەینییەکی پیرۆزە، سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ عەرەب و یەمەنییەکان؛ ئاماژەشی داوە، گەرووی بابولمەندەب لە پاشماوە سەربازییەکانی حووسییەکان پاککراوە.
هاوکات سەرچاوە سەربازی و ناوخۆییەکانی یەمەن بە سکای نیوز عەرەبیان راگەیاندووە، لە دەوروبەری گەرووی ستراتیژیی بابولمەندەب، شەڕێکی سەخت لە نێوان هێزەکانی عەمالیقەی باشوور و میلیشیاکانی حووسیدا هەڵگیرساوە. بەگوێرەی سەرچاوەکان، هێزەکانی عەمالیقە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدا بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکە، توانیویانە پێشڕەوی مەیدانی بەدەستبهێنن، بەڵام تا ئێستا وردەکاریی زیانە گیانی و ماددییەکان ئاشکرا نەکراون.
لە گۆڕانکارییەکی دیکەی مەیدانیدا، سەرچاوە هەواڵییەکان ئاشکرایان کردووە کە فەرماندە سەربازییەکانی سەر بە حزبی ئیسڵاح کە بەشێکن لە هێزەکانی سەر بە حکوومەتی یەمەن لە شاری تەعز، دەیان زیندانییان ئازاد کردووە کە لەلایەن دادگاکانەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.
ئامانج لە ئازادکردنی ئەم زیندانییانە، ناردنیان بووە بۆ بەرەکانی پێشەوەی جەنگ لە دژی حووسییەکان. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەم کەسانە رەوانەی بەرەکانی "جەبەل حەبەشی" کراون، بە مەبەستی راگرتنی پێشڕەوییەکانی چەکدارانی حووسی بەرەو دەروازەی باشووری شاری تەعز.
یەمەن لە ساڵی 2014 دوای ئەوەی حووسییەکان سەنعای پایتەخت و ژمارەیەک پارێزگای دیکەی کۆنتڕۆڵکرد، نوقمی جەنگ بووە، ناکۆکییەکانی ئەو وڵاتە وای لێهات، لە ساڵی 2015 هاوپەیمانییەک بە سەرۆکایەتی سعوودیە بۆ پشتیوانی حکوومەتی یەمەن پێکهات.