سوپای پاسداران هێرشکردنە سەر کەشتییەکی گازی شلی لە گەرووی هورمز راگەیاند
هێزی دەریاییی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، کەشتییەکی زەبەلاحی گواستنەوەی گازی شلیان (LPG) لە باشووری گەرووی هورمز کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە ئاگر لە بەشی بزوێنەرەکەیدا کەوتووەتەوە. هاوکات تاران سوپای ئەمریکا بە هۆکاری ناسەقامگیریی دەریایی دەزانێت و هۆشداری دەدات کە لەمەودوا بەئامانجگرتنی کەشتییە سەرپێچیکارەکان تەنیا لە گەرووی هورمزدا قەتیس نامێنێت، بەڵکو دەپەڕێتەوە بۆ تەواوی ناوچەکە.
هەینی 9ی تشرینی یەکەمی 2026، هێزی دەریاییی سوپای پاسداران راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، کەشتییەکی گەورەی گواستنەوەی گازی شل بە ناوی ئێن ڤی سانشاین سەر بە کۆمپانیای ناتویت، بەهۆی تێپەڕبوونی بە رێڕەوێکی نایاسایی لە باشووری گەرووی هورمز کراوەتە ئامانج.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لە ئەنجامی ئەو لێدانە، ئاگرێکی گەورە لە ژووری بزوێنەر و سیستمی پاڵنەری کەشتییەکەدا کەوتووەتەوە. سوپای پاسداران جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی فەرمانی فەرماندەیی گشتی بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی تەواو بەسەر گەرووی هورمزدا هاتووە و رێگە بە هیچ هێزێکی بیانی نادەن کۆنترۆڵی ئەو رێڕەوە بکات.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، هێزی دەریایی ئێران هۆشدارییەکی سێ خاڵی راگەیاندووە:
1- بەرپرسیارێتیی راستەوخۆی سوپای ئەمریکا:
تاران واشنتنی بە ئەنجامدەری سەرەکیی شڵەژانی هاتوچۆی دەریایی ناوچەکە ناوبردووە و رایگەیاندووە، ئەمریکا لە رێگەی دەستوەردان، فریودانی کۆمپانیاکانی کەشتیوانی و دڵنیایی (بیمە)، هەروەها دابەشکردنی بەرتیلی گەورە دەبێتە هۆی ئەم جۆرە رووداوانە، هۆشداریشی داوە کە بەردەوامبوونی ئەم دەستێوەردانانە دۆخەکە رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەبات.
2- سزادانی کۆمپانیا هاوکارەکان لەگەڵ ئەمریکا:
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە، هەر کۆمپانیایەکی کەشتیوانی بچێتە ژێر باری فشار و داواکارییەکانی ئەمریکاوە، دەکەوێتە لیستی گەمارۆکانی ئێرانەوە و رێوشوێنی توندی سزایی بەسەر سەرجەم کەشتی و کەلوپەلە دەریاییەکانیدا دەسەپێنرێت.
3. فراوانکردنی بازنەی راوەدوونان بۆ دەرەوەی هورمز:
وەک هەڕەشەیەکی راستەوخۆ، هێزی دەریایی ئێران رایگەیاندووە، لەمەودوا مامەڵەکردن لەگەڵ کەشتییە سەرپێچیکارەکان تەنیا لە گەرووی هورمزدا سنووردار نابێت، بەڵکو هەر کەشتییەک رێڕەوی نایاسایی لە هەر شوێنێکی ناوچەکەدا بەکاربهێنێت، دەستبەجێ شوێنپێی هەڵدەگیرێت و بە شێوازێکی یەکلاکەرەوە سزا دەدرێت.