مەسرور بارزانی سەرکۆنەی هێرشی سەر فڕۆکەخانەکانی شا خالید و ئەبها دەکات
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا، وێرای سەرکۆنەکردنی هێرشی سەر فڕۆکەخانەکانی شا خالید و ئەبها لە سعوودیە، جەختی لەوە کردەوە، بە ئامانجگرتنی خەڵکی سیڤل و ژێرخانی مەدەنی قبووڵکراو نییە.
هەینی، 9ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، نووسیویەتی: سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریاز و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەبها دەکەم.
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، هێرشکردنە سەر خەڵکی سیڤل و ژێرخانی مەدەنی بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا، پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییان دەکات و هاوسۆزی خۆی بۆ گەل و سەرکردایەتیی شانشینی عەرەبستانی سعوودیە دەردەبڕێت.
سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ڕیاز و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەبها دەکەم. هێرشکردنە سەر خەڵکی سیڤل و ژێرخانی مەدەنی قبوڵکراو نییە. پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان دەکەم و هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ گەل و سەرکردایەتی شانشینی عەرەبستانی سعوودی دەردەبڕین.
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) October 9, 2026
ئەمەش لە کاتێکدایە، دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعوودیە بڵاوی کردەوە، دوێنێ پێنجشەممە 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی "شا خالید" لە ریاز بەر دوو هێرش کەوتووە و لە ئەنجامدا سێ هاووڵاتیی سعوودی گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش لە هاووڵاتییان و بیانییەکان بریندار بوون.