هاوپەیمانەکانی ئەمریکا دژی سزادانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی وەستانەوە

بڕیاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا (ICC)، شەپۆلێکی ناڕەزایەتیی بێوێنەی لەسەر ئاستی جیهان لێکەوتەوە. لە هەڵوێستێکی دەگمەندا، هاوپەیمانە نزیکەکانی واشنتن لە ئەوروپا، بەریتانیا، کەنەدا، ژاپۆن شانبەشانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئۆکراینا، بە توندی دژی بڕیارەکەی ئەمریکا وەستاونەتەوە و رایانگەیاندووە، سزادانی دادگاکە دەستدرێژییە بۆ سەر دادپەروەری و سەروەریی یاسای نێودەوڵەتی.

هەینی 9ـی تشرینی یەکەمی 2026، دوای ئەمریکا سزای نوێی بەسەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا سەپاندووە و هۆشداریی توندی دا کە ئەگەر دادگاکە لە بەئامانجگرتنی هاووڵاتییانی ئەمریکی نەوەستێت، واشنتن کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی دەکات؛ کاردانەوەی توندی دیپلۆماسی بەدوای خۆیدا هێنا:

هەشت وڵاتی هاوپەیمانی ئەمریکا، کەنەدا، دانیمارک، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، هۆڵەندا و بەریتانیا ناڕەزایەتی و دڵتەنگیی قووڵی خۆیان دەربڕی و جەختیان لەوە کردەوە، بە تەواوی پشتیوانی لە سەربەخۆیی و دەسەڵاتی دادگاکە دەکەن. ئەو وڵاتانە هۆشدارییان دا کە ئەم سزایانە زیان بە دادوەران، کارمەندان و رەوتی دۆزینەوەی دادپەروەری بۆ قوربانیانی گەورەترین تاوانە نێودەوڵەتییەکان دەگەیەنێت.

یەکێتیی ئەوروپا: پاراستنی دادگای لاهای لە پێشینەی کارەکانمانە

کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، ئاماژەی بەوە کرد، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی "بەردی بناغەی دادی تاوانکارییە لە جیهاندا" و پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ تۆمۆکۆ ئاکانێ، سەرۆکی دادگاکە ئەنجامداوە بۆ تاوتوێکردنی بژاردەکانی پاراستنی دادگاکە.

هاوکات، بەلجیکا داوای لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا کرد کە "یاسای بەرپەرچدانەوە" کارا بکەن، تا کاریگەریی سزاکانی ئەمریکا لەسەر دادگاکە و ئەو لایەنانەی هاوکاری دەکەن پووچەڵ بکرێتەوە. وڵاتانی وەک سوێد، سویسرا و دانیمارکیش بە جیا سەرکۆنەی ئەو هەنگاوەی ئەمریکایان کرد.

نەتەوە یەکگرتووەکان: بڕیارەکەی ئەمریکا قبووڵنەکراوە

فۆڵکەر تورک، کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، سەپاندنی سزاکانی بە قبووڵنەکراو وەسف کرد و داوای لە سەرجەم 125 دەوڵەتەکەی ئەندامی پەیماننامەی رۆما کرد کە بەپەلە هەنگاو بنێن بۆ پاراستنی بێلایەنیی دادگاکە و تێک نەدانی رەوتی لێپرسینەوە لە تاوانباران.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرایناش هاتە دەنگ و رایگەیاند، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دامەزراوەیەکی بنەڕەتییە بۆ لێپرسینەوە لە تاوانەکانی جەنگی رووسیا و دابینکردنی دادپەروەری بۆ قوربانیانی جەنگ، بۆیە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی.

مۆڵەتی شەش مانگ و دەرفەتی دیالۆگ لەگەڵ واشنتن

تۆم بێریندسن، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا ئاماژەی بەوە داوە، سزاکانی ئەمریکا دەستبەجێ ناکەونە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵکو مۆڵەتێکی شەش مانگی هەیە پێش ئەوەی کاری پێبکرێت؛ ئەمەش دەرفەتێک بۆ گفتوگۆ و دیپلۆماسی دەهێڵێتەوە تا لەگەڵ لایەنی ئەمریکی بگەنە چارەسەر.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆنیش ئاشکرای کرد، سەبارەت بەم نیگەرانییە گەورەیە، لە پەیوەندی و گفتوگۆدان لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ پاراستنی باڵادەستیی یاسا لە جیهاندا.

ناتانیاهۆ دەستخۆشی لە ترەمپ و رۆبیۆ دەکات 

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ بڕیارەکەی ئەمریکا دەربڕی بۆ سەپاندنی سزا بەسەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا (ICC) و دەستخۆشی لە دۆناڵد ترەمپ و مارکۆ ڕۆبیۆ کرد؛ ناتانیاهۆ جەختی کردەوە دادگاکە دەستەیەیەکی سیاسییە و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر دەسەڵاتی یاسا و سەروەریی نیشتمانیی وڵاتان.

مارکۆ رۆبیۆ: رێگە نادەین دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دادگاییکردنی هاووڵاتییانمان بکات

هەر ئەمڕۆ مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جەختیکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەرگیز رێگە نادات دادگای تاوانی نێودەوڵەتی راوەدوونان و دادگاییکردن بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی بکات و گوتی: ئێمە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دادگا یاخییە قەدەغە دەکەین، سەرچاوە داراییەکانی لێ دەبڕین و توانای کارکردنی لە دژی خۆمان ئیفلیج دەکەین.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەڕەشەی ئەوەشی کرد، یان دەبێت دادگای تاوانی نێودەوڵەتی هەڕەشەکانی رابگرێت، یاخود کۆتایی بە بوونی دەهێنین. هاوکات داوای لەو هاوپەیمانانەی ئەمریکاش کرد کە ئەندامن لە دادگاکە و بۆ پاراستنیان پشت بە سەربازانی ئەمریکا دەبەستن، رێگری لە هەڵسوکەوتەکانی دادگاکە بکەن. رۆبیۆ روونیکردەوە ئەم رێکارە بۆ ئەوە گیراوەتە بەر تا وڵاتانی ئەندام لە رێگەی دانوستانەوە چارەسەرێک بۆ نیگەرانییەکانی واشنتن بدۆزنەوە، بە پێچەوانەوە هەنگاوی توندتر دەگرنە بەر.

لە بەرامبەردا، نزهات شەمیم خان، جێگری داواکاری گشتیی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز سزاکانی ئەمریکای سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، ئەم هەنگاوە بە ئامانجی لێدانی سەروەریی یاسای نێودەوڵەتی و لاوازکردنی دامەزراوەیەکی دادوەریی سەربەخۆیە. جەختیشیانکردەوە، سزاکان رێگری لە کارەکانیان ناکەن و بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون بۆ سەرجەم لێکۆڵینەوە و کەیسەکانیان.

سەپاندنی سزاکان تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە یەکێک لە دادوەرە پێشووەکانی دادگاکە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی بەدەستهێنا. ئیدارەی ترەمپ مێژوویەکی درێژی لە دژایەتیکردنی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی هەیە، بەتایبەت دوای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لە کردەوەکانی سەربازانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەرپرسانی ئیسرائیل لەوانەش بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. سزاکانی ئەمجارەی واشنتن لەوانەیە ئەو کۆمپانیا و لایەنانەش بگرێتەوە خزمەتگوزاری بە دادگاکە پێشکەش دەکەن.