دەم پارتی هۆشداری لە پیلانی تێکدانی ئاشتی و ئاڵۆزییەکان لە حەسەکە دەدات

دەم پارتی داوای هەنگاوی خێرا بۆ پرۆسەی ئاشتی دەکات

گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێویستە دەسەڵاتدارانی تورکیا کۆتایی بە ناڕوونییەکانی بەردەم پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بهێنن و هەنگاوە یاساییەکان خێراتر بکەن. هاوکات جەختی لە گرنگیی بەشداریکردنی فەرمیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پرۆسەکەدا کردەوە و هۆشداریی توندیشی لەبارەی پیلانی تێکدانی ئاشتی لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان دا.

هەینی 9ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی دوای کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندیی (MYK) حزبەکەی، لە بارەگای سەرەکی لە ئەنقەرە لەبارەی دۆخی سیاسی، قەیرانی ئابووری و داهاتووی پرۆسەی چارەسەری قسەی بۆ میدیاکان کرد.

ئایشەگوڵ دۆغان ئاماژەی بە دەستپێکردنی خولی نوێی یاسادانان کرد و راستەوخۆ داوای لە نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کرد کە بە شێوەیەکی فرەلایەن و شەفاف بەپەلە هەنگاو بنێت بۆ پێکهێنانی لیژنەی چاودێری کە لە یاسای چوارچێوەی ئاشتیدا کە بە 467 دەنگ پەسەند کرابوو هاتووە.

رایگەیاند: تەڤگەری ئازادی کشانەوەی تەواوی هێزە چەکدارەکانی لە سنوورەکانی تورکیا و لەناوبردنی چەکەکانی راگەیاندووە و ئیتر هیچ هەڕەشەیەکی چەکداری لە ناوخۆی تورکیادا نەماوە؛ کەواتە ناکرێت پرۆسەکە لەناو گێژاوی دەستەواژە و ناکۆکییە بیرۆکراسییەکاندا پەکبخرێت، بەڵکو دەبێت بە خێرایی کار لەسەر هەنگاوە یاساییەکان بکرێت.

گوتەبێژی دەم پارتی جەختی لەوە کردەوە, بەشداریکردنی کاریگەری عەبدوڵڵا ئۆجەلان, رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رێگەی دەستەی هەماهەنگیی ئاشتی و بەسیاسیکردنەوە، پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە و گوتی: پێویستە پرۆسەکە بە هەنگاوی نوێ خێرایی وەربگرێت، نەک لە دۆخی چەقبەستووییدا بهێڵرێتەوە.

هاوکات ئایشەگوڵ دۆغان رەخنەی توندی لە درێژەدان بە سیاسەتی سەرکوتکاریی ئەنقەرە گرت و گوتی: "لە کاتێکدا باس لە قۆناغی نوێ و ئاشتی دەکرێت، دەستگیرکردنی سەرۆک شارەوانییەکان و رۆژنامەنووسان بەردەوامە و بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا پشتگوێ دەخرێن. ئەم هەڵسوکەوتانە بە هیچ جۆرێک لەگەڵ رۆحی ئاشتیدا ناگونجێن و ناتوانن متمانەی کۆمەڵایەتی دروست بکەن."

سەبارەت بە هەوڵەکانی شاندی ئیمراڵی، ئایشەگوڵ دۆغان ئاشکرای کرد، شاندەکەیان بەردەوامە لە دیدارەکانی لەگەڵ بەرپرسانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) و لەم دواییانەشدا لەگەڵ جەودەت یڵماز، جێگری سەرۆککۆماری تورکیا کۆبوونەتەوە تا نەخشەڕێگای قۆناخی داهاتوو تاوتوێ بکەن، هاوکات هیوای خواست ئەم دیالۆگانە بە شێوەیەکی فەرمی و دەزگایی بەردەوام بن.

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، گوتەبێژی دەم پارتی نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی ئاڵۆزییەکانی شاری حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان دەربڕی و گوتی: ئەوەی لە حەسەکە روودەدات هەوڵێکی پیلانگێڕییە بۆ دروستکردنی دووبەرەکی و بەریەککەوتن لە نێوان پێکهاتەی کورد و عەرەبدا. هێرشکردنە سەر هێما کولتووری و نەتەوەییەکانی کورد قبووڵکراو نییە. حەسەکە تەنیا بەو شارەوە سنووردار نییە؛ هەر ئاگرێک لەوێ دابگیرسێت، کاریگەریی مەترسیداری لەسەر تەواوی ناوچەکە دەبێت و دەبێت کێشەکان بە رێگەی دیالۆگ چارەسەر بکرێن.

هەروەها ئیدانەی ئەو گوشار و پێشێلکارییانەی کرد کە لە ناوچەی ئیدلی سەر بە شرناخ بەرامبەر بە ماڵ و موڵک و کەنیسەی مەسیحییە سریانییەکان ئەنجام دەدرێن، و داوای کرد دەستبەجێ کۆتایی بەو هەڵسوکەوتە جیاکارییانە بهێنرێت.