ترەمپ کەیتی زەکەریای وەک سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی دەستنیشان کرد

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرمی رایگەیاند کەیتی زەکەریای وەک سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی دیاری کردووە و شوێنی کارۆلاین لیڤیت دەگرێتەوە. ترەمپ وەسفی کەیتی زەکەریای کرد وەک پارێزەرێکی لێهاتوو و لایەنگرێکی دڵسۆزی بزووتنەوەی (MAGA) کە رۆڵێکی دیاری لە بردنەوەی هەڵبژاردنەکاندا هەبووە.

هەینی 9ـی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس "، دەستنیشانکردنی زەکەریای راگەیاند و نووسیویەتی: شەرەفێکی گەورەیە بۆ من کە کەیتی زەکەریام وەک سکرتێری نوێی رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی دامەزراند. کەیتی ئێستا وەک راوێژکاری باڵای پەیوەندییەکان لە تروس کار دەکات و کارەکانی تا ئێستا سەرنجڕاکێش و بێوێنە بوون."

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لە رۆڵی کاریگەری کەیتی زەکەریا لە کەمپەینی هەڵبژاردنەکاندا کردەوە و گوتی: کەیتی هەر لە سەرەتاوە لایەنگرێکی دڵسۆز و زیرەک بووە. لە کەمپەینی هەڵبژاردنەکاندا لە ویلایەتە یەکلاکەرەوەکان یارمەتیدەرێکی سەرەکی بوو، کە توانیمان لە هەر 7 ویلایەتەکەدا سەرکەوتن بەدەستبهێنین. ئەو هەوادارێکی راستەقینەی بزووتنەوەی MAGAیە."

ترەمپ متمانەی خۆی دەربڕی کە کەیتی زەکەریا لە پۆستە نوێیەکەیدا پەیوەندییەکی نایاب لەگەڵ دەزگاکانی راگەیاندن، گەلی ئەمریکا و ئیدارەی کۆشکی سپیدا دروست دەکات. لە کۆتاییشدا سوپاسی "کارۆلاین لێڤت، کرد و رایگەیاند کە "کارێکی بێوێنەی ئەنجامداوە."

ئەم هەنگاوە لە کاتێکی چارەنووسسازدا دێت؛ کاتێک تەنیا چەند هەفتەیەکی کەم ماوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس لە مانگی تشرینی دووەم، و ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت پەیام و کارنامەی سیاسیی خۆی بە شێوەیەکی بەهێزتر لە رێگەی مینبەری کۆشکی سپییەوە بگەیەنێتە رای گشتی.

کەیتی زەکەریا کێیە؟

کەیتی زەکەریا تەمەن 42 ساڵ، لە ساڵی 2007 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستە سیاسییەکان و حوکمڕانی لە زانکۆی "پێپەردین" لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بەدەستهێناوە. دواتریش لە ساڵی 2011 هەر لە هەمان زانکۆ دکتۆرای یاسای (Juris Doctor) تەواو کردووە. لە بواری یاسای کۆمپانیاکان، پشتیوانیی سیاسی، خوێندنی باڵا و بەڕێوەبردنی رێکخراوە ناحکوومییەکاندا شارەزاییەکی بەرفراوانی هەیە.

لە ساڵی 2011، کەیتی هاوسەرگیریی لەگەڵ تایلەر زەکەریا کردووە، کە بەڕێوەبەرێکی ناسراوی بواری وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانی سینەماییە لە هۆلیوود و لە بەرهەمهێنانی چەندین شاکاری سینەماییدا بەشدار بووە؛ لەوانە فیلمی بەناوبانگی (Silence) لە دەرهێنانی مارتن سکۆرسێزی و بە رۆڵگێڕانی ئەستێرەکانی وەک ئەندرۆ گارفیڵد و ئادەم درایڤەر، هاوکات چەندین بەرهەمی وەک (Brink of War) و (Young Washington)؛ ئەم دوو هاوسەرە خاوەنی چوار منداڵن سێ کوڕ و کچێک.

پێش ئەوەی بە تەواوی بێتە نێو جیهانی سیاسەتەوە لە ئەمریکا، کەیتی بۆ ماوەی سێ ساڵ لە شاری بەیژینگ پایتەختی چین ژیاوە. لەو ماوەیەدا لە رێگەی کۆمپانیای یاسایی ناسراوی ژۆنگ لون، وەک راوێژکاری یاسایی دەرەکی بۆ "بانکی جیهانی" و "کۆمپانیای دارایی نێودەوڵەتی" (IFC) کاری کردووە. هاوکات سەرپەرشتیی هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاریی دارایی کردووە بۆ رێکخراوێکی جیهانی کە کار لەسەر دابینکردنی پەروەردە و خوێندن بۆ منداڵانی کۆچبەر دەکات.

کەیتی ئێستا وەک راوێژکاری باڵای پەیوەندییەکان لە کۆمپانیای میدیایی ترەمپ (TMTG) کار دەکات کە خاوەندارێتیی تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس" دەکات، هەروەها بەڕێوەبەری پەرەپێدانە لە رێکخراوی پارێزگارانی "فیکس کالیفۆرنیا" و لە چەندین دەستەی راوێژکاری و میدیاییدا چالاکە. سەرەڕای ئەوەی لە کاتە بەتاڵەکانیدا خولیایەکی زۆری بۆ وەرزشی بەرزکردنەوەی قورسایی هەیە، بەردەوام هەوڵی داوە ژیانی تایبەتیی خێزانەکەی لە چاوی میدیاکان و رووناکیی کامێراکان بەدوور بگرێت.

کەیتی زەکەریا روخسارێکی ناسراوە لە میدیا ئەمریکییەکاندا و بەردەوام وەک شرۆڤەکاری سیاسی لە کەناڵەکانی فۆکس نیوز و نیوزماکس دەردەکەوێت. لە سەرەتای ئەمساڵیشدا بۆ ماوەی نزیکەی سێ مانگ وەک گوتەبێژی وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە ئیدارەکەی ترەمپدا خزمەتی کردووە.

پۆستی سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی لە کۆتایی مانگی ئابەوە بە بەتاڵی مابووەوە، دوای ئەوەی کارۆلاین لێڤت بەهۆی لەدایکبوونی دووەم منداڵی و تەرخانکردنی کاتی زیاتر بۆ خێزانەکەی، بڕیاری رۆیشتنیدا. لەو کاتەوە ژووری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی بە دەگمەن کۆنگرەی رۆژنامەوانیی بەخۆوە بینیوە و زۆربەی پەیامەکان لەلایەن جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک یان وەزیرەکانەوە دەگەیەنران.

کەیتی زەکەریا دەبێتە شەشەمین سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی لە ماوەی هەردوو خولی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا.