کرێملین: پووتین و ترەمپ لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگیی هەواڵگری رێککەوتن
کۆشکی کرێملین رایگەیاند: سەرۆکەکانی رووسیا و ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئاسۆی چارەکردنی قەیرانی ئۆکرانیا، دۆسیەی ئێران و پرسی دابینکردنی وزەیان تاوتوێ کردووە. هاوکات رێککەوتوون لەسەر بەردەوامیدان بە پەیوەندییە کەسییەکان و هەماهەنگیی نێوان دەزگا هەواڵگرییەکانی هەردوو وڵات.
هەینی، 9ـی تشرینی یەکەمی 2026، کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین) لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، کە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی گرنگیان ئەنجام داوە و تێیدا لەسەر بەردەوامیدان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان رێککەوتن.
بە پێی راگەیەنەراوەکە، هەردوو سەرۆک لە بارەی پەرەپێدانی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان دامەزراوەکان و دەزگا هەواڵگرییەکانیان رێککەوتن.
کرێملین ئاماژەی بەوەش کرد، هەردوولا تیشکیان خستە سەر ئاسۆکانی چارەکردنی قەیران و جەنگی ئۆکرینیا، لە پاڵ ئەوەشدا بە وردی تاوتوێی دۆسیەی ئێران و دواهەمین پێشهاتەکانی پەیوەست بەو وڵاتە کراوە.
وەک ئەوەی لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، لە کەرتی وزە و ئابووریدا، سەرۆکی رووسیا ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ ترەمپ دووپات کردووەتەوە سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا و تەواوی بازاڕەکانی جیهان.
پووتین لەو بارەیەوە رایگەیاندووە: چوونەناوەوەی نەوتی رووسیا بۆ نێو بازاڕەکانی ئەمریکا، لێکەوتە و کاریگەریی زۆر ئەرێنی لەسەر دۆخی ئابووریی جیهان دەبێت و دەبێتە هۆی هاوسەنگبوونی بازاڕەکانی وزە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، کاتژمێرێک لەمەوبەر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، کە گفتوگۆیەکی زۆر سەرکەوتووی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا ئەنجام داوە و تێیدا رێککەوتوون لەسەر دابینکردنی ملیۆنان تۆن گازوایل لە لایەن مۆسکۆوە بۆ ئەمریکا و بازاڕەکانی جیهان، بە مەبەستی دابەزینی خێرای نرخەکان.