زێلێنسکی: هەر رێککەوتنێک بۆ فرۆشتنی نەوتی رووسیا، وەبەرهێنانە لە جەنگدا

سەرۆکی ئۆکراینا پێشنیازێکی نوێی خستە بەردەم واشنتن و رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە هێرشەکانی بۆ سەر پاڵاوگە و دامەزراوە نەوتییەکانی رووسیا رابگرێت، بە مەرجێک مۆسکۆش دەستبەرداری وێرانکردنی کەرتی وزەی ئۆکراینا بێت. هاوکات هۆشداریی توندی دا کە هەر رێککەوتن یان گفتوگۆیەکی لاواز لەگەڵ مۆسکۆ و رێگەدان بە فرۆشتنی نەوتی ڕووسیا بەخشینی دیارییە بە پووتین.

هەینی 9ـی تشرینی یەکەمی 2026، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، هاوکات لەگەڵ سەردانی شاندێکی باڵای هەردوو پارتی کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ کیێڤ، پێشنیازێکی بۆ هێورکردنەوەی جەنگ لە کەرتی وزەدا خستووەتە بەردەم واشنتن.

زێلینسکی رایگەیاند کە هێرشەکانی ئۆکراینا بۆ سەر پاڵاوگە و بنکە نەوتییەکانی ڕووسیا، کاردانەوە بووە بەرامبەر بە ساڵانێک لە بۆردوومانی وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وزەی وڵاتەکەی، و گوتی: ئەگەر رووسیا ژێرخانی وزەمان وێران نەکات، ئێمەش ئاگر لە پاڵاوگەکانی بەردانادەین. ئەمە ئەو جۆرە ڕێککەوتنەیە کە پێشنیازمان بۆ ئەمریکا کردووە، و باوەڕمان وایە واشنتن هێزی ئەوەی هەیە سازشێکی لەم شێوەیە لەنێوان هەردوولادا دەستەبەر بکات.

پەیامی سەرۆکی ئۆکراینا بۆ ئەمریکا؛ بەخشینی دیاری بە پووتین جەنگ درێژتر دەکاتەوە

سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان و پەیوەندییەکانی ئەم دواییەی نێوان سەرکردەکانی ئەمریکا و رووسیا، سەرۆکی ئۆکراینا داوای کرد پێگەی واشنتن پتەو بێت و گوتی: ئاشتی هەرگیز لە رێگەی لاوازییەوە نایەت. پێویستە سزاکان لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای لیندسی گراهام بەسەر مۆسکۆدا بسەپێنرێن. هەر سووککردنێکی سزاکان بەبێ رێککەوتنێکی روون و بەردەوام بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان، نیشانەی لاوازییە و تەنیا دەستی رووسیا ئاوەڵا دەکات بۆ کوشتاری زیاتر و درێژکردنەوەی جەنگ.

زێلینسکی بە توندی رەخنەی لە بڕیاری ئەم دواییەی یەکێتیی ئەوروپا گرت بۆ هەڵگرتنی سزا لەسەر بەشێک لە بازرگان و دەوڵەمەندە دەستڕۆیشتووەکانی رووسیا و جەختی کردەوە، دوای ئەو هەنگاوە، هێرشەکانی سوپای رووسیا بۆ سەر هاووڵاتییانی مەدەنی زیاتر بوون؛ لەوانە مووشەکبارانکردنی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە پریلوکی، بۆردوومانی پاسەکانی شار لە کراماتۆرسک و لێدانی بەردەوامی تۆڕی کارەبای کیێڤ، خارکیڤ، دنیپرۆ و ئۆدێسا.

زێلینسکی ئاماژەی بەوە کرد، پووتین، سەرۆکی رووسیا بەهۆی پاشەکشەی لە بەرەکانی جەنگ پەنا بۆ بۆردوومانی هاووڵاتییان و رێککەوتنی ژێربەژێر دەبات بۆ کڕینی کات، و هۆشداری دا: بەخشینی دیاری بە پووتین ئاشتی ناهێنێت؛ رێگەدان بە رووسیا بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی، وەبەرهێنانە لە جەنگدا. ئێمە چاوەڕوانی پشتیوانییەکی دادپەروەرانە و گفتوگۆیەکی بەهێز لە ئەمریکاوە دەکەین لەگەڵ رووسیا، نەک گفتوگۆیەکی لاواز.

ئەمەش لە کاتێکدایەم لە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا، ئەمڕۆ هەینی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) بڵاوی کردەوە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا ئەنجامداوە و رێککەوتنیان لەسەر رەوانەکردنی ملیۆنان تۆن گازوایل بۆ ئەمریکا و بازاڕەکانی جیهان کردووە. ئەم هەنگاوەی واشنتن بە مەبەستی رامالینی ئاستەنگەکانی بازاڕ و دابەزاندنی خێرای نرخی سووتەمەنییە بۆ هاووڵاتییان و جووتیارانی ئەمریکی، کە لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمزدا، وەک ستراتیژێکی سەرەکیی ئیدارەی ترەمپ بۆ سەقامگیریی کەرتی وزە سەیر دەکرێت.

ترەمپ لە پەیامەکەیدا ئاشکرای کرد، رێککەوتین لەسەر ئەوەی رووسیا دەستبەجێ زیاتر لە 300 هەزار تۆن گازوایل بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا و جیهان دابین بکات، هاوکات بڕی 500 هەزار تۆنی دیکە لە ماوەی مانگی تشرینی دووەمدا و، راستەوخۆ دوای ئەوەش یەک ملیۆن تۆنی دیکە بنێرێت.

سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی خستنەڕووی بڕی سووتەمەنییەکەدا ئاماژەی بەوە کرد: سەرباری ئەوەش، بەپێی دۆخی پاڵاوگەکانی گازوایلی ئەو وڵاتە، رووسیا لە ماوەیەکی کورتدا سێ ملیۆن تۆنی دیکەش لە گازوایل رادەست دەکات.

هەروەها، کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، پووتین و ترەمپ، سەرۆکی  ئەمریکا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی گرنگیان ئەنجام داوە و تێیدا لەسەر بەردەوامیدان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان رێککەوتن؛ بە پێی راگەیەنەراوەکە، هەردوو سەرۆک لە بارەی پەرەپێدانی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان دامەزراوەکان و دەزگا هەواڵگرییەکانیان رێککەوتن.

وەک ئەوەی لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، لە کەرتی وزە و ئابووریدا، سەرۆکی رووسیا ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ ترەمپ دووپات کردووەتەوە سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا و تەواوی بازاڕەکانی جیهان.

 پووتین لەو بارەیەوە رایگەیاندووە: چوونەناوەوەی نەوتی رووسیا بۆ نێو بازاڕەکانی ئەمریکا، لێکەوتە و کاریگەریی زۆر ئەرێنی لەسەر دۆخی ئابووریی جیهان دەبێت و دەبێتە هۆی هاوسەنگبوونی بازاڕەکانی وزە.