سعوودیە هێرشی کردە سەر 136 پێگەی حووسییەکان

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان دەستپێکردووە و ئامانجی سەرەکیی ئەو هەنگاوە، لەناوبردنی ئەندامان و تواناکانی حووسییەکانە. مالیکی روونیکردەوە، هێزەکانی سعوودیە 136 پێگەی سەربازییان لەو ناوچانە وێرانکردووە کە لەژێر کۆنترۆڵی حووسییەکانن.

تورکی مالیکی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە ئاشکرایکرد، هێزەکانی سعوودیە کار بۆ تێکشکاندن و لەناوبردنی تۆڕی مووشەکە بالیستییەکانی حووسییەکان دەکەن. هاوکات، هێزەکانی هاوپەیمانان بە درێژایی 24 کاتژمێر پشتیوانیی ئاسمانی بۆ یەکەکانی سوپای یەمەن دابین دەکەن.

هاوپەیمانیی پشتیوانیی شەرعییەت لە یەمەن، دیمەنەکانی پاککردنەوەی بابولمەندەبی لەلایەن هێزەکانی یەمەن لە حووسییەکان و هەڵاتنی ئەو گرووپەی لە رێگەی دەریاوە راگەیاند. 

تۆمارەکان هەڵاتنی بەکۆمەڵی حووسییەکانیان لە پێگەکانیان لە رێگەی دەریاوە نیشانداوە. ئەمە لە کاتێکدایە هێزەکانی یەمەن بە هێزی پشتیوانیی ئاسمانیی هاوپەیمانان پێشڕەویی دەکەن و پێگە بەرگرییەکانی حووسییەکان لەژێر هێرشدا لەناوبراون.

هەروا دوێنێ هەینی 9ـی تشرینی یەکەمی 2026، محەممەد جەبار، باڵیۆزی سعوودیە لە یەمەن لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا نووسیویەتی: هەینییەکی پیرۆزە، سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ عەرەب و یەمەنییەکان؛ ئاماژەشی داوە، گەرووی بابولمەندەب لە پاشماوە سەربازییەکانی حووسییەکان پاککراوە.

هاوکات سەرچاوە سەربازی و ناوخۆییەکانی یەمەن بە سکای نیوز عەرەبیان راگەیاندووە، لە دەوروبەری گەرووی ستراتیژیی بابولمەندەب، شەڕێکی سەخت لە نێوان هێزەکانی عەمالیقەی باشوور و میلیشیاکانی حووسیدا هەڵگیرساوە. بەگوێرەی سەرچاوەکان، هێزەکانی عەمالیقە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدا بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکە، توانیویانە پێشڕەوی مەیدانی بەدەستبهێنن، بەڵام تا ئێستا وردەکاریی زیانە گیانی و ماددییەکان ئاشکرا نەکراون.