سوپای پاسداران کەشتییەکی لە گەرووی هورمز کردە ئامانج
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، کەشتییەکی گواستنەوەی گاز کردووەتە ئامانج، بەو پێیەی هەوڵیداوە بە رێڕەوێکی نایاسایی لە گەرووی هورمز تێپەڕێت. سوپای پاسداران هۆشداری داوە لە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو کۆمپانیا و کەشتییانەدا کە سەرپێچیی رێکارەکان دەکەن.
سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، کەشتییەکی گاز شلیان کردووەتە ئامانج کە خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیای ناتفیت. ئەو کەشتییە هەوڵیداوە لە رێڕەوێکی نایاسایی لە گەرووی هورمز تێپەڕێت.
بە گوتەی سوپای پاسداران، هێرشەکە بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی بەرفراوان لە ژووری بزوێنەر و سیستەمی پاڵنەری کەشتییەکە کە ناوی NV Sunshineـە.
سوپای پاسداران سوپای ئەمریکای بە بەرپرسیارێتیی راستەوخۆی رووداوەکە و بەرزبوونەوەی گرژییەکان لە هاتوچۆدا تۆمەتبار کرد. لەو راگەیەندراوەدا روونیکردەوە، ئەمریکا دەستێوەردان دەکات و کۆمپانیاکانی گواستنەوە و دڵنیایی هەڵدەخەڵەتێنێت و بەرتیلی زۆر دەبەخشێت.
سوپای پاسداران جەختیکردەوە، بەردەوامیی دەستێوەردانەکانی ئەمریکا دەبێتە هۆی ئەوەی رۆژ لە دوای رۆژ رووداوی نەخوازراو زیاتر ببن. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، سەپاندنی سزا بەسەر ئەو کۆمپانیایانەی بە قسەی ئەمریکییەکان دەخەڵەتێن و سەرجەم کەشتییەکانی سەر بەو کۆمپانیایانەی سەرپێچی دەکەن، کارێکی مسۆگەرە.
سوپای پاسداران رایگەیاند، لە ئێستاوە رووبەڕووبوونەوەی کەشتییە سەرپێچیکارەکان تەنیا لە گەرووی هورمزدا قەتیس نامێنێتەوە، بەڵکو هەر کەشتییەک لە هەر رێڕەوێکی مۆڵەتپێنەدراو لە سەرانسەری ناوچەکەدا تێپەڕێت، بەدوایدا دەچن.
پێنجشەممەی رابردوو، ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران رایگەیاند، هێزی دەریایی ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەیەکی یەکلاکەرەوە بەرامبەر هەر هەڵەیەک کە دوژمن لە رێگەی هەر تێپەڕینێکی بێ مۆڵەتی کەشتییەکانەوە ئەنجامی دەدات.
وەحیدی روونیکردەوە، ئاسایشی کەنداو و گەرووی هورمز بە ناوچەکەوە بەستراوەتەوە. جەختیکردەوە، هیچ هێزێکی دەرەکی مافی ئەوەی نییە دەست لە کاروباری ئەم ناوچەیە وەربدات.
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران گەرووی هورمز بە خوێنهێنەری ژیاریی وزە لە جیهاندا وەسف کرد. دووپاتیکردەوە، گەرووەکە هێڵی سووری ستراتیژیی ئێرانە و پاراستنی، پاراستنی ئاسایشی وڵاتە.
محەممەد موخبیر، راوێژکار و یاریدەدەری فەرماندەی شۆڕش و کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختیکردەوە، گەرووی هورمز بە هیچ جۆرێک ناکرێتەوە تا ئەو کاتەی کێشەکانی وڵات چارەسەر دەبن.