سکرتێری پێشووی ناتانیاهۆ نهێنییەکان ئاشکرادەکات.. "ئاگاداری هێرشەکەی حەماس بوو"

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

سکرتێرێکی پێشووی سەربازیی بنیامین ناتانیاهۆ ئاشکرای دەکات، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەپێناو پاراستنی کورسییەکەی و مانەوەی لە دەسەڵات، چەندین هەلی بۆ رزگارکردنی بارمتەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر بە زیندوویی لەدەستداوە.

ژەنەڕاڵ ئاڤی گیل کە کاتی رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023 سکرتێری سەربازیی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بووە؛ لە چاوپێکەوتنێکدا ئاشکرای کرد، ناتانیاهۆ بۆ رزگارکردنی حکوومەتەکەی لە هەڵوەشانەوە، چەندین هەلی راستەقینەی بۆ رزگارکردنی بارمتەکانی ژێر دەستی بزووتنەوەی حەماس لەدەست داوە و دواتریش بەشێک لەو بارمتانە گیانیان لەدەستداوە.

سکرتێری پێشووی ناتانیاهۆ گوتی، "دەمانتوانی بەشێک لە بارمتەکان بە زیندوویی بگەڕێنینەوە، بەڵام ناتانیاهۆ لەژێر گوشاری وەزیرە توندڕەوەکانی هاوپەیمانییەکەی پاشەکشەی کرد، لەبەر ئەوەی رێککەوتن و راگرتنی شەڕ دەبووە هۆی هەڵوەشانەوەی حکوومەتەکەی، بۆیە بەرژەوەندیی سیاسیی خۆی خستە پێش ژیانی هاووڵاتییانی ئیسرائیلەوە". 

ئاڤی گیل رەتیکردەوە ناتانیاهۆ لە مەترسییەکانی پێش 7ـی ئۆکتۆبەر بێئاگا بووبێت. ئەو جەختی کردەوە، چەند هەفتە و مانگێک پێش هێرشەکە سەرجەم بەرپرسانی ئەمنی و هەواڵگریی ئیسرائیل چەندین جار بە شێوەیەکی فەرمی هۆشدارییان داوەتە ناتانیاهۆ سەبارەت بەوەی ناکۆکییە ناوخۆیییەکان هێزی بەرپەرچدانەوەی ئیسرائیلیان لاواز کردووە و وڵاتەکە لە لێواری شەڕێکی مسۆگەردایە.

لای خۆیەوە نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەرلەبەری گوتەکانی سکرتێرەکەی پێشووی رەتیکردەوە و بە پروپاگەندەی سیاسی و ناڕاست ناوی برد. 

لەگەڵ ئەوەشدا لە شەقامی ئیسرائیل و لە نێو سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆندا داوای لێکۆڵینەوەی تاوانکاری و پێکهێنانی لیژنەیەکی سەربەخۆی دادوەری دەکەن بۆ لێپرسینەوە لە ناتانیاهۆ لەسەر شاردنەوەی بەڵگەکان و چۆنیەتیی مامەڵەکردن بە ژیانی بارمتەکاندا.

بڵاوبوونەوەی ئەم لێدوانانە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی گشتیی ئیسرائیل لە 27ـی ئۆکتۆبەری 2026، ئەمەش وای کردووە ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل گوشارەکانی بۆ سەر حکوومەت زیاتر بکات و داوای لێکۆڵینەوەی دەستبەجێ بکات.