سبەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم هەڵوێستی فەرمی دژی بڕیارێکی فیدراڵی را دەگەیەنێت

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان دوو پێشنیازی هەیە بۆ ئەوەی پیشەکەیان پەکی نەکەوێت

وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارەکەی عەلی زەیدی بۆ هەڵگرتنی گومرگ لەسەر مریشک و هێلکە و گۆشت بە هەنگاوێکی نەرێنی ناودەبات.

ئەمڕۆ شەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، قارەمان قادر، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە کوردستان24ی راگەیاند، بڕیارەکەی زەیدی کاریگەریی مەترسیداری لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی دەبێت. بە گوتەی قادر، لەم دۆخەدا کە بەهای دینار دابەزیوە و بەهای دۆلار بەرز بووەتەوە، پێویستە گرنگی بە بەرهەمی ناوخۆیی بدرێت و ئاستی هاوردەکردن کەم بکرێتەوە، نەک دەرگای سنوورەکان واڵا بکرێن، بەتایبەت کە بەرهەمی هێلکە و مریشکی هەرێمی کوردستان لە پێویستیی ناوخۆ زیاترە.

وەزارەتی کشتوکاڵ نیگەرانە لەوەی حکوومەتی عێراق لە داهاتوودا باج و گومرگ لەسەر کەرەستە پیشەسازییەکانی دیکەش هەڵبگرێت، لەبری ئەوەی پاڵپشتیی بەرهەمی ناوخۆیی بکات. قارەمان قادر گوتی: "سبەی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هەڵوێستی فەرمیی خۆیان لەو بارەوە روون دەکەنەوە."

هاوکات نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات رێگریی بەردەوامی بازگەکان بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق نەمێنێت و وڵات وەک سەبەتەیەکی خۆراکیی یەکگرتوو سەیر بکرێت.

بە گوتەی عەبدوڵڵا، نرخەکان بەرز نەکراونەتەوە و پێویستە لە جیاتی ئاسانکاری بۆ هاوردەکردن، باج لەسەر عەلەف و پێداویستیی کێڵگەکان هەڵبگیرێت تا ئەو کەرتە لە کار نەکەوێت و ببوژێتەوە.

رۆژی پێنجشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ، بڕیاری داوە باج و گومرگ لەسەر هێلکە، مریشک و گۆشتی هاوردە دوا بخات بە ئامانجی سەقامگیریی بازاڕ و دابینکردنی بە نرخێکی گونجاو. لە بەرامبەردا، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێم، لە راگەیەندراوێکدا ناڕەزایەتی نیشاندا و  جەخت دەکاتەوە، کەرتی پەلەوەری هەرێم گەیشتووەتە ئاستی خۆژێنی و ساڵانە ملیاران هێلکە و سەدان هەزار تۆن مریشک بەرهەم دەهێنێت، و هۆشداری دا کە ئەم بڕیارە دەیان هەزار هەلی کار دەخاتە مەترسییەوە.