شارەوانیی سلێمانی روونکردنەوە لەسەر ئاگرەکەی تانجەرۆ دەدات

 سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا هۆکاری دووبارە بەرزبوونەوەی دووکەڵ و سەرهەڵدانەوەی ئاگرەکەی ناوچەی فڕێدانی خۆڵ و خاشاکی تانجەرۆی ئاشکرایکرد، هاوکات هەموو ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردەوە، باس لە گڕتێبەردانی بە ئەنقەستی شوێنەکە دەکەن.

شەممە 10ـی تسرینی یەلەمی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، ئاگرەکە بۆ یەکەم جار هەینیی هەفتەی رابردوو بەهۆی هەورەتریشقەوە کەوتووەتەوە. دوابەدوای رووداوەکە، تیمە پەیوەندیدارەکان بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام لە هەوڵدابوون بۆ کوژاندنەوەی، تاوەکو یەکشەممە توانرا ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێت.

شارەوانی روونیشیکردەوە، بەهۆی سروشتی پاشماوەکان و مانەوەی گڕ و پشکۆ لە چینەکانی ژێرەوەدا، ئەمڕۆ جارێکی دیکە ئاگرەکە سەری هەڵداوەتەوە و تیمەکانیش بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ دووبارە کۆنترۆڵکردنەوەی.

سەبارەت بە دەنگۆی ئەگەری دەستتێوەردان، سەرۆکایەتیی شارەوانی جەختیکردەوە، رووداوەکە بە هیچ شێوەیەک بە ئەنقەست نەبووە و هیچ بەڵگەیەک بۆ بوونی دەستێکی ئەنقەست لە ئارادا نییە، هاوکات هاووڵاتییانی ناوچەکەش شاهیدی ئەوەن ئاگرەکە پەیوەندیی بە هەورەتریشقەکەی پێشووەوە هەیە نەک کردەوەیەکی دەستکرد.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، وێڕای رایگەیاند، ماندووبوونی تیمەکان لە مەیدانی رووداوەکەدا، شارەوانیی سلێمانی ئومێدی خواست کە بەردەوامیی هەوڵەکان ببێتە هۆی کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوەتیی ئاگرەکە و رێگری لە دووبارە هەڵگیرسانەوەی بکرێت.