شوکری جەمیل: حکوومەتی عێراق ئاسانکاری بۆ بازرگانانی کوردستان ناکات
یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە شاری بەغدا کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی لێکەوتەکانی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرانبەر بە دینار، هاوکات سەرۆکی ژووری بازرگانیی دهۆک داوا دەکات حکوومەتی عێراق بێ جیاوازی بڕیارەکان جێبەجێ بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە شاری بەغدا کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان لەبارەی لێکەوتەکانی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرانبەر بە دیناری عێراقی کرد.
لەمبارەیەوە شوکری جەمیل، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک لە لێدوانێکدا بۆ شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24، ئامانجی کۆبوونەوەکە و داواکاریی بازرگانانی خستەڕوو و رەخنەی لە رێکارەکانی حکوومەتی عێراق گرت.
شوکری جەمیل بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، مەبەست لەم کۆبوونەوەیە یەکخستنی دەنگی سەرجەم بازرگانانی عێراق و هەرێمی کوردستان بوو بۆ ئەوەی پێکەوە داواکارییەکانیان بگەیەننە حکوومەتی عێراق.
سەرۆکی ژووری بازرگانیی دهۆک رەخنەی توندی لە جیاوازیکردنی نێوان بازرگانان گرت و گوتی، "یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانمان ئەوە بوو، هەر بڕیار و ئاسانکارییەک تایبەت بە بازرگانی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە دەردەچێت دەبێت سەرتاسەری بێت و بێ جیاوازی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە. بۆ نموونە پرسی راگەیاندنی پێشوەختەی گومرگی (بیان مسبق) ئاسانکارییەکی باشە، ئێستا بۆ بازرگانانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق جێبەجێ دەکرێت، بەڵام بۆ بازرگانانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ ناکرێت، ئەمەش جیاوازییەکی گەورەی دروستکردووە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا شوکری جەمیل هۆشداری دا لە دۆخی بازاڕ و باسی لەوە کرد، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و گەیشتنی بە 152 هەزار دینار، کاریگەرییەکی زۆر خراپی کردووەتە سەر بازاڕ. ئەم دۆخە وایکردووە نرخی کاڵا بنەڕەتییەکان و پێداویستییەکانی رۆژانەی خەڵک وەک خۆراک و گۆشت و مریشک بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزببێتەوە، ئەمەش راستەوخۆ بارگرانی خستووەتە سەر شانی هاووڵاتییان.
سەرۆکی ژووری بازرگانیی دهۆک جەختی لەوەش کردەوە، پێشتر داوایان کردووە کارتی تایبەت بدرێتە بازرگانان و هاووڵاتییان بۆ مامەڵەکردن بە دۆلارەوە، بەڵام حکوومەت تاوەکو ئێستا رێکاری پێویستی نەگرتووەتەبەر. هاوکات داوای کرد حکوومەتی عێراق بەپەلە رێکاری کردەیی بگرێتەبەر بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕ و رێگریکردن لە زیاتر بەرزبوونەوەی نرخەکان.