سێ کەس بە تۆمەتی ساختەکاری و بەرتیل لە کەرکووک دەستگیر کران
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی رایگەیاند، لە کەرکووک سێ کەسیان بە تۆمەتی ساختەکاری، هەڕەشەکردن و وەرگرتنی بەرتیل دەستگیر کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەستی دەستپاکی عێراق لەراگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لە کەرکووک دەستیان بەسەر دۆسیەیەکی رێکخراوی ساختەکردنی پەڕاوەکانی خانەنشینی لە دەستەی نیشتمانیی خانەنشینی گرتووە. لەو دۆسیەیەدا مووچەی خانەنشینی و جیاوازیی دارایی بە پێچەوانەی یاسا خەرج کراوە.
دەستەکە روونیکردەوە، ژمارەیەک فەرمانبەری دەستەی خانەنشینی بە هاوبەشی لەگەڵ چەند پارێزەر و نوێنەری دۆسیەکان یارییان بە پەڕاوەکان کردووە و دوو تۆمەتبار لەو بارەیەوە دەستگیر کراون، کە بە نایاسایی دەستیان بەسەر 84 ملیۆن دیناردا گرتووە وەک مووچەی خانەنشینیی کەڵەکەبوو بە ناوی هاووڵاتییەک.
لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا، تیمی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی کەرکووک ئەندامێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کەرکووکیان دەستگیر کرد، کە لە بەشی گواستنەوەی زیندانییەکان ئەرکی پێ سپێردراوە. تۆمەتبارەکە لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا دەستگیر کرا، کە وەک نێوەندگیر کاری بۆ کەیسێکی هەڕەشە و داواکردنی پارە لە زیندانییەک کردووە، بەرامبەر ئەوەی ئەو زیندانییە لە شوێنی بەندکردنەکەیەوە بۆ شوێنێکی دیکە بگوازێتەوە.
دەستەی دەستپاکی روونیکردەوە، دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی کەرکووکی تایبەت بە دۆسیەکانی دەستپاکی بڕیاریدا تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان بەپێی ماددەکانی 289 و 298ی یاسای سزادان و بڕیاری 160ی ساڵی 1983ی هەموارکراو رابگیرێن.