فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق مۆڵگەیەکی داعشیان لە دیالە بۆردومان کرد

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند: فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F16، دوو هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر مۆڵگەیەکی پاشماوەکانی چەکدارانی داعش لە ناوچەی نارێنی سەر بە پارێزگای دیالە ئەنجام داوە و بە تەواوەتی خاپووریان کردووە.

یەکشەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر بنەمای چاودێریی مەیدانیی چڕ بۆ راوەدوونانی تیرۆریستان، فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F16 بە هەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری چاودێری و هەواڵگریی ئاسمانی لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، دوو هێرشی ئاسمانییان ئەنجام دا.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، فڕۆکەکان مۆڵگەیەکی سەر بە پاشماوەکانی چەکدارانی داعشیان لە ناوچەی نارێن لە چوارچێوەی کەرتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە کردووەتە ئامانج، کە بەهۆیەوە مۆڵگەکە بە تەواوەتی خاپوور کراوە.

شانەکە ئەوەشی راگەیاند: هێزە ئەمنییەکان بەردەوام دەبن لە وەشاندنی گورزی پێشوەختە بە مەبەستی بنبڕکردنی تیرۆر و رەخساندنی ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیر لە سەرانسەری نیشتماندا.