بێڵ گەیتس هۆشداریی لە زیادبوونی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان بە ژیریی دەستکرد دەدات

بێڵ گەیتس، دامەزرێنەری مایکرۆسۆفت هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی بەکارهێنانی بێسنووری ژیریی دەستکرد، گەیتس پێشبینی دەکات ساڵی داهاتوو هێرشە ئەلیکترۆنییەکان کە پشت بەو تەکنەلۆژیایە دەبەستن پەرە بستێنن، چونکە دەکرێت لەلایەن کەسانی خراپەکارەوە و بەبێ بوونی رێوشوێنی پاراستنی کاریگەر بەکاربهێنرێن.

بێڵ گەیتس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەی بی سی نیوز رایگەیاند، مەترسیی راستەوخۆ ئەوە نییە ژیریی دەستکرد لە کۆنترۆڵ دەربچێت، کە ئەمە ئەگەرێکە لەوانەیە لە ساڵانی داهاتوودا رووبدات، مەترسییەکە لە خراپ بەکارهێنانی سیستەمەکەیە لەلایەن ئەو کەسانەوە کە توانای تێپەڕاندنی کۆنترۆڵە جێگیرکراوەکانی ناو ئەو سیستەمانەیان هەیە.

دامەزرێنەرەکەی مایکرۆسۆفت روونیکردەوە، هێرشە ئەلیکترۆنییەکان ئەو بوارەن کە پێدەچێت لە ساڵی داهاتوودا زۆرترین کاریگەریی ژیریی دەستکردیان بەسەرەوە بێت، هۆشداریشی دا، تێکەڵکردنی کەسانی خراپەکار لەگەڵ نوێترین مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد و نەبوونی گەرەنتییەکانی پاراستن دەکرێت ببێتە هۆی سەرهەڵدانی چەندین پێشهاتی نەرێنی.

ئەم هۆشدارییانە هاوکاتن لەگەڵ واژۆکردنی نامەیەکی کراوە لەلایەن زیاتر لە 100 کۆمپانیای بواری پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد. ئەوان هۆشدارییان داوە، هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی پشت بەستوو بەو تەکنەلۆژیایە ئەگەری بلاوبوونەوە و پێشکەوتنی زۆریان هەیە.

ئەم نیگەرانییانە تیشک دەخەنە سەر ئەو ئاستەنگە ئەمنییانەی هاوکاتن لەگەڵ فراوانبوونی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد. ئەمە بەتایبەت لەگەڵ پەرەسەندنی تواناکانی ئەو تەکنەلۆژیایە لە ئۆتۆماتیککردنی ئەرکەکان و شیکارکردنی زانیارییەکان، هەروەها ئەو رێکارانەی بۆ هێرشبەران دەڕەخسێنێت تا هێرشە ئەلیکترۆنییەکانیان بەهێزتر بکەن.