شارەزایەک: ئەگەر ژیریی دەستکرد کۆنترۆڵ نەکرێت رەنگە کۆتایی بە مرۆڤایەتی بهێنێت

شارەزایان و ئەندازیارانی پێشوو لە کۆمپانیا گەورەکانی ژیریی دەستکرد هۆشداری دەدەن لەوەی ئەم تەکنۆلۆژیا نوێیە لەوانەیە لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت و داوا دەکەن چاودێریی زیاتری بەسەردا بسەپێنرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە حکوومەتە خۆجێییەکان هەوڵی رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە گەشەسەندووانە دەدەن.

 لە ئەنجوومەنی شاری نیویۆرک، کارمەندانی پێشوو کە بەم دواییانە لە کۆمپانیاکانی (ئەنسرۆپیک، ئۆپن ئەی ئای، و گووگڵ دیپ مایند) دەستیان لەکار کێشاوەتەوە، کلتوورێکی ناوخۆیی فەرامۆشکارانەی ئەو کۆمپانیایانەیان خستەڕوو. ئاماژەیان بەوە کرد کە کۆمپانیا گەورەکانی تەکنۆلۆژیا لە پێشبڕکێدان بۆ داهێنانی تەکنۆلۆژیایەک کە خۆشیان نازانن چۆن کۆنتڕۆڵی بکەن.

جەیکۆب کوکسۆن، ئەندازیاری پێشوو لە کۆمپانیای ئەنسرۆپیک کە بووەتە یەکێک لە دەنگە دیارەکانی داواکاری رێکخستنی یاسایی، رایگەیاند کۆمپانیاکان بە عەقڵیەتی کۆمپانیا نوێیەکان کاردەکەن بە دروشمی "بە خێرایی بجووڵێ، شتەکان بشکێنە و دواتر چاکیان بکەرەوە". کوکسۆن گوتیشی، ئەم شێوازە رەنگە بۆ ئەپڵیکەیشنێکی بڵاوکردنەوەی وێنە دەستبدات، بەڵام بۆ دروستکردنی "بەهێزترین تەکنۆلۆژیا کە تا ئێستا پەرەی پێدرابێت" بەکەڵک ناهێت.

ناوبراو بە ئەنجوومەنەکەی راگەیاند، ژیریی دەستکرد دەکرێت دەستکەوتی مەزن بەدەستبهێنێت، بەڵام بێ شەفافیەت و هۆکارەکانی پاراستن، ئەگەری زۆرە کۆنتڕۆڵی شتەکان لەدەست دەربچێت. هەروەها گوتی: "لە سەرپێچیییەکانی ئێستادا، پێموایە ئەگەری لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی مۆرڤایەتی بەسەر سیستمەکانی ژیریی دەستکرددا بەهێزترە، و رەنگە کارەکە بە لەناوچوونی رەگەزی مرۆڤ کۆتایی بێت".

 ئەم هۆشدارییانە لە کاتێکدا دێن کە حکوومەتی ویلایەتەکان و شارەکان لە هەوڵی دۆزینەوەی رێگەیەکدان بۆ رێکخستنی ژیریی دەستکرد، لە کاتێکدا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڵوێستێکی سست و ناچالاکی وەرگرتووە و کۆنگرێسیش هیچ جوڵەیەکی بەرچاوی ئەنجام نەداوە.

پێشتر ترەمپ مەترسییەکانی پەیوەست بە ژیریی دەستکردی رەتکردبووەوە و بە "خەڵەتاندن" وەسفی کردبوون، هەروەها لە کۆتایی مانگی رابردوودا رێککەوتنێکی ئیمزا کرد کە هەنگاوی ئارەزوومەندانە بۆ کۆمپانیاکان دیاری دەکات و تا ئاستێکی زۆر رێگەیان پێدەدات خۆیان چاودێری بەسەر خۆیاندا بسەپێنن.