دڵشاد شەهاب: رەشنووسی بودجەی عێراق باش نییە و هەوڵ بۆ هەموارکردنی هەیە
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، رەشنووسی ئێستای بودجە باش نییە و هەوڵی چڕ هەیە بۆ دەستکاریکردنی و زامنکردنی مووچەی مووچەخۆران دوور لە ململانێ سیاسییەکان.
سێشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە میانەی چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24، تیشکی خستە سەر دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەکە، ئاڵنگارییە ئابوورییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
دڵشاد شەهاب لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە ئاڵۆزییەکی زۆر لە ناوچەکەدا هەیە کە رەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر هەموو جیهان دروست کردووە و کۆمەڵێک ئاڵنگاریی گەورەش لەبەردەم هەرێمی کوردستاندا هەن.
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، باسی لەوە کرد، "ئێمە کێشە چەسپاندنی مافەکانی هەرێمی کوردستانمان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا هەیە."
هاوکات روونی کردەوە، دۆخی هەرێمی کوردستان سەقامگیرە و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە باشە؛ من گەشبینم بە ئاییندە، چونکە بۆ هەموو دونیا سەلمێنراوە کە هەرێمی کوردستان سەرچاوەی ئاشتی، ئاشتەوایی، بەیەکگەیشتن و لێکگەیشتنە.
سەبارەت بە پشتیوانیی نێودەوڵەتی، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێم باسی لەوە کرد، سەرەڕای ئەو ستەمە زۆرەی لە مێژوودا لە کورد کراوە، بەڵام لە دوای ڕاپەڕینەوە هاوپەیمانان، بە تایبەت ئەمریکا، پشتیوانییەکی گەورەی هەرێمی کوردستانیان کردووە و هەرگیز هیچ کارێکیان نەکردووە ببێتە مایەی نیگەرانی بۆ گەلی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا و لە بارەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، دڵشاد شەهاب جەختی لەوە کردەوە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە رابەرایەتیی سەرۆک بارزانی، لە بری هەموو دونیا شەڕی گرووپی تیرۆریستیی داعشی کرد و تێکی شکاند، لەبەر ئەوەی "ئێمە خاوەنی هێزەین، لە هیچ گۆڕانکارییەکی ناوچەکە ناترسین".
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کشانەوەی هاوپەیمانان مەترسییەکی ئەوتۆ لەسەر ناوچەکە دروست ناکات، بەڵکو مەترسیی راستەقینە لە ناوخۆی عێراقدا بوونی ئەو هێزە چەکدارانەیە کە لە دەرەوەی یاسا کار دەکەن؛ بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق سنوورێکیان بۆ دابنێت تا هەڕەشەیان بۆ سەر وڵات نەمێنێت، گەشبینیی خۆشی بە هەنگاوەکانی عەلی زەیدی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی ئەو هێزانە دەربڕی.
دڵشاد شەهاب ئەوەشی دووپات کردەوە، "کە ئێمە وەک هەرێمی کوردستان دژایەتیمان لەگەڵ هیچ کەس، لایەن و وڵاتێکدا نییە و هەڕەشەش نین بۆ سەر هیچ لایەک".
سەبارەت بە قەیرانەکانی ناوخۆی عێراق، ئاماژەی بە سروشتی ململانێکان کرد و گوتی: "کێشەکان لە عێراقدا هەرگیز سفر نابنەوە؛ ئەگەر ئەمڕۆ سفر بکرێنەوە، سبەی کێشەی دیکە دێنە ئاراوە".
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە کە لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان هەولێر و بەغدادا هەیە، پێگەی هەرێمیش لە دانوستانەکاندا بەهێزە چونکە سەرجەم پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە حکوومەتی فیدراڵ بەوپەڕی شەفافییەتەوە جێبەجێ کردووە و هەرچی بەغدا داوای کردبێت جێبەجێ کراوە و، تەواوی داواکارییەکانی هەرێمیش بە تەواوی لە چوارچێوەی دەستووردان.
دڵشاد شەهاب، تیشکی خستە سەر پرسی رەشنووسی بودجە و رایگەیاند: رەشنووسی ئێستای بودجە باش نییە، بەڵام پێداگیرییش لەسەر ئەوە نەکراوە کە دەبێت هەر بەو شێوازە پەسەند بکرێت؛ ئومێدێکی زۆر هەیە کە نوێنەرانی کورد لە بەغدا رێگری لە تێپەڕاندنی ئەو رەشنووسە بەم فۆڕمەی ئێستا بکەن.
گوتیشی: هەوڵێکی زۆر جیددی لە ئارادایە بۆ ئەوەی جگە لە زامنکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، چیدیکە مووچە تێکەڵی کێشە سیاسییەکان نەکرێت و مافە بنەڕەتییەکانی مووچەخۆران پارێزراو بن.