نرخی گاز لە ئەوروپا ئاستی مێژوویی تێپەڕاند

له‌ درێژەی گۆڕانکارییەکانی بازاڕی وزەی جیهاندا، دوێنێ سێشەممە نرخی گازی ئەوروپی گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە دوای مانگی ئەیلوولی ساڵی 2022وە. ئەم بەرزبوونەوەیەش بەهۆی تێکچوونی دابینکردنی گاز لە ناوچەی کەنداو و کەمبوونەوەی یەدەگی گاز لە ئەڵمانیاوە دروست بووە، لە کاتێکدا نرخی نەوت پاشەکشەی خۆی تۆمار کرد دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە بەرزبوونەوەیەکی خێرای بەخۆیەوە بینبوو.

بەگوێرەی مامەڵەکانی بۆڕسەی ئەمستەردام، نرخی گرێبەستە ئایندەییەکانی گازی هۆڵەندی ناسراو بە تی تی ئێف (TTF)، کە سەرچاوەی سەرەکییە بۆ نرخەکانی گاز لە ئەوروپا، بە رێژەی 2.17 لەسەد بەرز بووەوە و گەیشتە 86.19 یورو (کە دەکاتە نزیکەی 96.43 دۆلار) بۆ هەر مێگاوات کاتژمێرێک، ئەمەش دوای ئەوەی لە کاتەکانی پێشوودا گەیشتبووە 86.79 یورو (نزیکەی 97.09 دۆلار).

شارەزایانی دارایی لە بانکی آی إن جی رایانگەیاند کە "بازاڕ رووبەڕووی ئەو ئەگەرە دەبێتەوە کە بەشێکی زۆری وەرزی زستان لە نیوەگۆی باکووری زەوی بە کەمترین بڕی دابینکراوی گازی سروشتی شل (LNG) کە لە کەنداوەوە هاوردە دەکرێت، تێپەڕینین".

هەروەها جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی گازی سروشتی شل لە قەتەر دروست کردووە. لە لایەکی دیکەشەوە، بەردەوامبوونی کەمبوونەوەی بەشێک لە دابینکردنەکان بووەتە هۆی توندتربوونی کێبڕکێ لە نێوان کڕیارە ئاسیایی و ئەورووپییەکاندا، چونکە هەردوولا پشت بە هاوردەکردنی گاز دەبەستن، ئەمەش پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان.

کەمبوونەوەی یەدەگی گاز لە ئەڵمانیا و ئەوروپا
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستاندا، رێژەی پڕبوونی کۆگاکانی گازی ئەوروپی لە 73.75% تێپەڕ ناکات، ئەمەش "کەمترە لە رێژەی 83% کە لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا تۆمار کرابوو، و هەروەها کەمترە لە تێکڕای پێنج ساڵی رابردوو کە 89% بووە"، بەگوێرەی لێدوانی شیکارانی بانکی ئای ئێن جی.

لای خۆیەوە، ئەڵمانیا ئاستێکی زۆر نزمتر لە تێکڕای گشتی تۆمار دەکات، بە جۆرێک کە رێژەی پڕبوونی کۆگاکانی گاز لەو وڵاتەدا لە 59.96% تێپەڕ ناکات، ئەمەش بەپێی پلاتفۆرمی ئەی جی ئێس ئای (AGSI) تایبەت بە زانیارییەکانی یەدەگی گازی ئەوروپی.

ئاراستەی بازاڕی نەوت
لە بەرامبەردا، نرخی بەرمیلی نەوتی خاوی برێنت بۆ دەریای باکوور بۆ رادەستکردن لە مانگی کانوونی یەکەم بە رێژەی 1.92% دابەزی و گەیشتە 104.60 دۆلار لە کاتی مامەڵەکانی دوێنێ سێشەممەدا. هەروەها نرخی بەرمیلی نەوتی خاوی تێکساسی ئەمریکی بۆ رادەستکردن لە مانگی تشرینی دووەم بە رێژەی 2.08% دابەزی و گەیشتە 91.79 دۆلار.

جان پلاسار، سەرۆکی ستراتیژی ئابووری لە بانکی تایبەتی سیتی جیستن، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند کە پێدەچێت دابەزینی نرخی نەوت پەیوەندی بە "تێگەیشتنی دواکەوتووی بازاڕەوە هەبێت بۆ کاریگەرییە خێراکانی" ئەو رێککەوتنەی کە رووسیا بەگوێرەی ئەو وڵاتە، دیزل بۆ ئەمریکا دابین دەکات.