سەباح نوعمان: ئێستاش هەماهەنگی هەواڵگری و ئاڵوگۆڕی زانیاریمان لەگەڵ هاوپەیمانان هەیە
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتی کوردستان24دا، باسی لە چۆنییەتی رزگارکردنی عێراق لە شەڕ و ململانێکانی ناوچە کرد و گوتی " بەهێزی پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هۆکار بوون بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان پەلکێشی ململانێکان نەکرێت". لە بارەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان رایگەیاند "هەر لایەنێک لە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانی تێوەگلا بێت، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت و یەکەمین کاروانی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە ماوەی چەند مانگێکدا دەگەنە عێراق و زامنی پاراستنی سەقامگیریی عێراق و کوردستان دەکەن".
ئەمەش دەقی هەڤپەیڤینەکەیە.
کوردستان24: بەڕێز سەباح نوعمان سڵاوت لێبێت و بەخێر بێیت بۆ ئەم چاوپێکەوتنە لەگەڵ کوردستان24 سوپاست دەکەین.
سەباح نوعمان: زۆر سوپاس. دەرفەتێکی باشە کە لە هەولێری خۆشەویست، پایتەختی کوردستان، چاوم پێت دەکەوێت.
کوردستان24: بەڕێز سەباح، بە پرسیارێک دەربارەی هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکەین. بەم دواییە، هەرێمی کوردستان رووبەڕووی چەندان هێرش لە رێگەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بووەوە، بۆچی حکوومەتی عێراق رێوشوێن ناگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان؟
سەباح نوعمان: زۆر سوپاس. دەرفەتێکی باشە کە لە هەولێری خۆشەویست، پایتەختی کوردستان، چاوم پێت دەکەوێت.
راستییەکەی، ئێمە وەک حکوومەتی فیدراڵ و سەرکردایەتییە ئەمنییەکان، سەرکۆنەی ئەم سەرکۆنەی ئەم هێرشانە دەکەین. ئامانج لێیان تێکەڵکردنی کارتەکان و دروستکردنی کاریگەرییە لەسەر ئەو پەیوەندییانەی هەن، هەروەها لەسەر ئەو دۆخی ئاسایش و سەقامگیرییەی لە عێراقدا بەدی هاتووە، لەگەڵ ئەو دەستکەوتانەی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەدەستهاتوون.
بێگومان، ئامانجی هەندێک لەم کارانە تێکەڵکردنی کارتەکانە، بەڵام بەهۆی ئیرادە و پێداگری و هێزی ئەم حکوومەتەوە، و بڕیارەکەی بۆ پەلکێشنەبوون بۆ ناو هیچ ململانێیەک، سەرەڕای گیانی هاریکاری و کاری هاوبەش و برایەتی کە عێراقییەکان بە هەموو پێکهاتە و چینەکانیانەوە کۆدەکاتەوە، بەتایبەتی لە پەیوەندیی ئێستای نێوان حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستاندا، ئەم هەوڵانە نەزۆک و شکستخواردوو دەبن.
دڵنیایی دەدەین کە ئەو لایەنانەی ئەم کارانەیان کردووە رووبەڕووی لێپێچینەوە دەبنەوە و هێزە ئەمنییەکانمان درێخی ناکەن لە بەدواداچوون بۆ تێوەگلاوان و رادەستکردنیان بە دادگا.
کوردستان24: بەڵام، لەگەڵ ئەوەشدا، هەنگاوی رژدمان نەبینیووە بەرامبەر ئەو هێرشانە سەرباری سەرکۆنەکان؟
سەباح نوعمان: نەخێر، حکوومەت بەردەوام سەرکۆنەی ئەم کارانەی کردووە و دەکات. هەروەها هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە سیاسی و ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ زانینی هۆکار و وردەکارییەکانی ئەم رووداوانە و دەستخستنی زانیاریی پێویست و گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو.
چەندان جاریش جەختمان لەوە کردووەتەوە کە رێگە نادەین عێراق ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر هیچ کام لە وڵاتانی دراوسێ، هەروەک چۆن رێگەش نادەین لە لایەن وڵاتانی دراوسێوە هەڕەشە لە عێراق بکرێت یان پەلامار بدرێت.
هەروەها، رێگە بە هیچ رێکخراوێکی چالاک لە ناوخۆی عێراق نادەین لە خاکی عێراقەوە کاری تێکدەرانە دژی وڵاتانی دراوسێ بکات. لە هەمان کاتدا، رێگە بە هیچ دەستدرێژییەک ناکەین بۆ سەر هیچ پارچەیەک لە خاکی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
جەختیش دەکەمەوە کە رۆژانی داهاتوو جووڵەیەکی فراوان بەخۆیەوە دەبینێت بۆ زانینی وردەکارییەکانی ئەم رووداوانە و ئەو لایەنانەی تێوەگلاون.
کوردستان24: بەڕێز سەباح، بەپێی زانیارییەکانی ئێوە، ئایا ئەم هێرشانە لە ناوخۆی عێراقەوە کراون یان لە دەرەوە؟ ئایا دەکرێت، بۆ نموونە، لە ئێرانەوە بن؟
سەباح نوعمان: هەماهەنگییەکی ئەمنیی بەردەوام هەیە. بەڕێز سەرۆکوەزیرانیش چاودێریی لایەنی لێکۆڵینەوە دەکات، هەماهەنگییەکی ئەمنیی ئاست بەرز لە نێوان ئێمە و هەرێمی کوردستاندا هەیە، زانیاریش ئاڵوگۆڕ دەکرێت بە ئامانجی دەستنیشانکردنی ئەو لایەنانەی تێوەگلاون، چ ناوخۆیی بن یان دەرەکی، و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بەرامبەریان.
ئەگەر لایەنە تێوەگلاوەکان دەرەکی بن، بێگومان کەناڵی دیپلۆماسی و رێوشوێن هەن کە حکومەتی عێراق دەتوانێت بیانگرێتەبەر بۆ سەرکۆنەکردنی ئەم کارانە و مامەڵەکردن لەگەڵیاندا.
بەڵام ئەگەر لایەنە تێوەگلاوەکان ناوخۆیی بن، ئەوا بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت و رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە و رادەستی دادگا دەکرێن.
کوردستان24: بەڕێز سەباح، ئەگەر ئەم هێرشانە لە ناوخۆی عێراقەوە سەرچاوە بگرن، وەک ئاماژەتان پێدا، و ئامانج لێیان تێکەڵکردنی کارتەکان بێت، کێ سوودمەندە لە تێکەڵکردنی کارتەکان لە رێگەی بەئامانجگرتنی هەرێمی کوردستانەوە؟
سەباح نوعمان: لایەنی زۆر هەن کە نایانەوێت ئەم وڵاتە ئارامی و سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت.
کوردستان24: لەناوخۆی عێراق؟
لەوانەیە ئەو لایەنانە لە ناوخۆی عێراق بن، یان لەوانەیە لانەگەلێک هەبن کە بەرژەوەندییەکانیان بەهۆی سەقامگیریی وڵاتەوە تێکچووبێت، یان بیانەوێت عێراق پەلکێشی بازنەی ململانێکان بکەن.
بەڵام من جەخت دەکەمەوە کە حکوومەتی عێراق، بە ئیرادە و پێداگریی بەڕێز سەرۆکوەزیران، نابێتە لایەنێک لە هیچ ململانێیەکی دەرەکیدا و هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە نەخشەی ململانێ هەرێمییەکان.
کوردستان24: با بچینە سەر سیستمەکانی بەرگری. دوای چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان، ئایا عێراق سیستمی بەرگریی وەرگرتووە بۆ پاراستنی عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان ؟
سەباح نوعمان: ئەم حکوومەتە دیدگای بەڕێز فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان جێبەجێ دەکات بۆ نوێکردنەوەی سیستمی پڕچەککردن لە ناو هێزە چەکدارەکانی عێراقدا.
دەمەوێت روونیشی بکەمەوە کە دەستەواژەی «هێزە چەکدارەکانی عێراق» هەموو ئەو هێزە ئەمنییە فەرمییانە دەگرێتەوە کە ئەرکی پاراستنی ئاسایش و سەروەریی عێراقیان پێ سپێردراوە. پێشمەرگەش بەشێکی سەرەکییە لە سیستمی ئەمنی و سەربازیی عێراق.
لێرەوە، پیرۆزبایی ئەو هەنگاوە گەورەیە دەکەم کە براکانمان لە هەرێمی کوردستان ناویانە بۆ یەکخستنی هەردوو هێزی حەفتا و هەشتا. ئەمە هەنگاوێکی زۆر گرنگ و ئاماژەیەکی ئەرێنییە بەرەو یەکخستنی بڕیاری ئەمنیی عێراقی بەگشتی و لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی.
سەبارەت بە بەرگرییە ئاسمانییەکان و سیستمەکان، عێراق گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا و وڵاتانی پێشەنگ لەم بوارەدا کردووە، و بڕیارە، پشت بە خوا، یەکەمین سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە ماوەی چەند مانگێکدا بگەن.
پلان و دیدگایەکی ستراتیژی لەلایەن فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانی لە وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە هەیە، بە هەماهەنگی لەگەڵ براکان لە هەرێمی کوردستان بۆ جێگیرکردنی ئەم سیستمانە لە شوێنە گونجاوەکاندا، بە جۆرێک کە گەرەنتیی پاراستنی سەروەریی عێراق بکات و رێگری لە هەر دەستدرێژییەکی ناڕاستەوخۆ بکات بۆ سەر هەر بەشێکی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
لە ماوەی رابردووشدا، لە چوارچێوەی شاندێکی ئەمنی و سەربازیدا سەردانی هەرێمی کوردستانمان کرد و لە نزیکەوە ئاگاداری دامەزراوە و بنکە هەستیارەکان بووین، هەڵسەنگاندنیشمان بۆ پێداویستییە بەرگرییەکان و داواکارییەکانی پاراستن کرد.
سەبارەت بە دامەزراوە هەستیارەکان، بە دامەزراوە نەوتییەکانیشەوە، ئەوان هێندەی پێویستیان بە پاراستنە لە دەستدرێژییە ناڕاستەوخۆکان، هێندە پێویستیان بە زیادکردنی توانای مرۆیی نییە. هێزەکانی پێشمەرگە و ئەو لایەنانەی بەرپرسیارن لە پاراستنی ئەم دامەزراوانە، بە لێهاتووییەکی زۆر بەرزەوە کار دەکەن.
بەڵام ئێمە پێویستمان بە سیستمی بەرگریی ئاسمانییە کە توانای رووبەڕووبوونەوەی ئەم دەستدرێژیانەی هەبێت، کە خۆی لە رادار و مووشەک و سیستمی گشتگیردا دەبینێتەوە، سەرباری یەکەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ و ئاسایشی ئەلیکترۆنی. دەبێت ئەم سیستمانە لەو شوێنانە جێگیر بکرێن کە گەرەنتیی پاراستنی دامەزراوەکان و پارێزگاریکردنیان لە دەستدرێژییە ناڕاستەوخۆکان بکات.
کوردستان24: بەڕێز سەباح، ئاماژەتان بەوە کرد کە هێزەکانی پێشمەرگە بەشێکی سەرەکین لە هێزە چەکدارەکانی عێراق. ئایا پڕچەککردنی پێشمەرگە بەشێک دەبێت لە سیستمی پڕچەککردنی سوپای عێراق؟ سیستمە پێویستەکانی بەرگریی ئاسمانی لە کوێ جێگیر دەکرێن؟ ئایا لە هەرێمی کوردستانیش جێگیر دەکرێن؟
سەباح نوعمان: لەو خاڵەوە وەڵام دەدەمەوە کە جەنابت کۆتاییت پێ هێنا. سیستمی بەرگریی ئاسمانی سیستمێکی گشتگیرە، یەکەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردن دەگرێتەوە.
دەبێت بڕیاری بەرگریی ئاسمانی ناوەندی بێت، چونکە ئەو ئامانجانەی لە ئاسمانی عێراقدا هەن جیاوازن، هەندێکیان فڕۆکەی دۆستن، هەندێکیان فڕۆکەی دوژمنن و هەندێکیشیان فڕۆکەی بازرگانین.
ئەمڕۆ، ئاسمانی عێراق کراوەیە و ژمارەیەکی زۆر لە فڕۆکەی تێدایە، بەتایبەتی دوای بڕیاری ئەو لایەنەی بەرپرسیارە لە سەلامەتیی فڕین بۆ کردنەوەی ئەو بەشانەی ئاسمانی عێراق کە بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە داخرابوون.
ئەم واقیعە وا دەخوازێت کە توانای جیاکردنەوە و دڵنیابوونەوە لە ئامانجە ئاسمانییەکان هەبێت و بڕیاری گونجاویان لەبارەوە بدرێت لە رێگەی سەرکردایەتییەکی ناوەندییەوە.
سیستمی بەرگریی ئاسمانی چەکێکی تاکەکەسی یان چەکێکی سنووردار نییە کە بکرێت بە شێوەیەکی جیاواز رادەست بکرێت، بەڵکو سیستمێکی گشتگیرە و دەبێت لەو شوێنانە جێگیر بکرێت کە توانای ئاشکراکردن و جیاکردنەوەی ئامانجە ئاسمانییەکان مسۆگەر دەکات.
لێرەدا مەبەستم لە رادارەکانە، لەوانەش رادارە مەودا درێژەکان کە دەتوانن رووبەرێکی زۆر فراوان ئاشکرا بکەن. لەبەر ئەوە، دیاریکردنی شوێنی جێگیرکردنیان دەبێت بەپێی پلان و دیدگایەکی ستراتیژی بێت کە فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانی دایدەڕێژێت، بە جۆرێک کە کۆنترۆڵ و هەماهەنگیی کارا مسۆگەر بکات.
کوردستان24: کێ بەرپرسیارە لە بەرپەرچدانەوەی هێرشی موشەکی و درۆن؟ ئەگەر ئەم سیستمانەتان لە کوردستان دانا، کێ بەرپرسیار دەبێت لە بەکارخستنی؟ هێزەکانی پێشمەرگە یان سوپای عێراق؟
سەباح نوعمان: بێگومان فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانی بەرپرسیارە لە دانان و بەڕیوەبردن و کۆنتڕۆڵکردن و و سەرکردایەتیان لە چەند ناوچەیەک بۆ دەکرێتەوە. نابێت بڕیارەکانی برگریی ئاسمانی فرە بڕیار بێت بەڵکو دەبێت یەک بڕیاری ناوەندی بێت و لە لایەن فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانییەوە دەربچێت و مامەڵە لەگەڵ ئامانجی ئاسمانیدا بکات. کاتێک چەند ئامانجێکت لەسەر زەوی هەیە پێویستە بڕیارێکی مەیدانی هەبێت لەلایەن سەرکردەی مەیدانییەوە، بەڵام ئەمە سەروەریی ئاسمانییە بۆ تەواوی عێراق و پێویستی بە یەکەی سەرکردایەتیی و کۆنتڕۆڵ هەیە.
کوردستان24: بەڕێز سەباح، دوای چوونەدەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، بەتایبەتی هێزەکانی ئەمریکا، ئیستا کێ بەرپرسە لە پاراستنی ئاسمانی عراق؟
سەباح نوعمان: تاکوو ئێستا هەماهەنگی هەواڵگری و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریمان هەیە. لە ماوەیەکی نزیکیشدا سیستمی بەرگریمان پێدەگات و سەروەری ئاسمانی عێراق دەگرێتە دەست.
کوردستان24: پرسیارێکی دیکە هەیە بەڕێز سەباح ئەویش ئەوەیە کە مقاوەمەی ئیسلامی دەڵێت ئاسمانی عێراق لە لایەن فڕوکەی نەناسراوەوە دەبەزێنرێت. ئایا زانیاریتان لەبارەی ئەم لێدوانەوە هەیە؟
سەباح نوعمان: لێکۆڵینەوە لەو بارەیەوە دەکرێت و دیپلۆماسیەتیش رۆڵێکی گەورە دەگێڕێت. پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و یاداشتەکانی لێکتێگەیشتن وا دەکەن جۆرێک لە هەماهەنگی هەبێت لە نێوان ئێمە و وڵاتانی دراوسێدا و کار لەسەر رێزگرتن دەکرێت لە سەروەری عێراق.
بەزاندنی ئاسمانی عێراق لە لایەن هەر لایەن یان دەوڵەتێکەوە بێت ئێمە نامانەوێت ببین بە لایەنگر لە ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتاندا و لەهەمەن کاتیشدا ریگە نادەین لێرە و لەوێ دەستدرێژی بکرێتە سەر ئاسمانی عێراق. بەشێک لەمانەش لە رێگەی دیپلۆماسیەت، حکوومەت و وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە دەکرێت.
کوردستان24: بەڕێز سەباح، ئەگەر بێینە سەر بابەتی داعش، لەماوەی هەفتەیەکدا 3 هێرشمان لە داعش بینی بە تایبەتی لە حەویجە و کەرکووک. ئایا ئەمە بەو واتایە دێت کە داعش دووبارە خۆی رێکخستووەتەوە؟ ئێستا داعش لەکوێ هەیە، لە تەواوی عێراق هەن یاخود تەنیا لە یەک شوێنن؟
سەباح نوعمان: بەگوێرەی هەڵسەنگاندنە ئەمنییەکانی ئێمە، داعش هەڕەشە نییە بۆ سەر عێراق و دۆخە ئەمنییەکەی. تەنانەت دوایین راپۆرتی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت کە داعش هەڕەشە نییە بۆ سەر عێراق، بەڵام داعش کۆتایی نەهاتووە و هەندێک لە پاشماوەکانیان لە نێو ئەشکەوت و حەشارگەکان خۆیان دەشارنەوە. هەر وەک دەزانن سروشتی جوگرافی کەرکووک، چیای سەخت و دۆڵی تێدایە، ئەوان پشتی پێ دەبەستن. لەگەڵ ئەوەشدا هێزی ئەمنی و ئۆپراسیۆن و بۆردومان هەیە لە لایەن هێزی باسمانی عێراق و ئۆپراسیۆنی دژەتیرۆر لەو ناوچانەدا بەردەوامە. ئەو ئۆپەراسیۆنە پێشوەختانە مەترسییەکانی رێکخراوەکە دەڕەوێنێتەوە و چالاکییەکانیان لەبار دەبات. ئەو چالاکییە بچوکانەی داعش دەیانکات تەنیا بۆ خۆدەرخستنە و هیچ مەترسییەک دروست ناکات و هەڕەشەی ناوچەیی نیین وەک ئەوەی لە رابردوودا روویدا.
کوردستان24: هەماهەنگیتان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە ناوچە جێناکۆکەکاندا هەیە چۆنە؟
سەباح نوعمان: ئەم پرسە لە رابردوودا کێشەیەکی ئاڵۆز بوو، لەوانەیە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم کێشەیەش نەبوونی هەماهەنگی و متمانە بووبێت لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا. لایەنی سیاسی هەمیشە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر لایەنی ئەمنی هەیە، بەڵام ئەمڕۆ سازان و لێکتێگەیشتنێکی سیاسی هەیە و خەمێکی هاوبەش بۆ وڵات لەلایەن هەموو لایەنەکان و سەرکردە سیاسییەکانەوە هەیە.
ئەم ناوچانە لە کاتێکدا ناوچەی چۆڵ بوون کە تیرۆر تێیاندا تەراتێنی دەکرد و بە ئازادی لەم ناوچانەدا جووڵەیان دەکرد، بەڵام بە ئیرادە و پێداگریی سەرکردایەتییە ئەمنییەکانی هەردوو لا، لە ناوەند و هەرێمی وکوردستان، لیواکانی ئاسایشی هاوبەشمان پێکهێنا.
ئێستا دوو لیوامان هەیە بە فەوجەکانیان و سەرکردایەتییەکی لێهاتوو و توانایەکی مرۆیی باشەوە. راستییەکەی ئەم لیوایانە سەرجەم پێکهاتەکان لەخۆ دەگرێت، بۆشاییەکانیان پڕکردووەتەوە و سنووری بەرپرسیارێتی بۆ هەردوو لیواکە دیاریکراوە، بە جۆرێک کە بتوانن بۆشاییەکان پڕ بکەنەوە و رێگری بکەن لە بوونی بۆشاییەک کە لەوانەیە دوژمن بۆ جووڵەکردن سوودی لێ ببینێت.
ئەمڕۆ لیواکان زۆر بە باشی کار دەکەن و لە دوایین کۆبوونەوەماندا لە نووسینگەی فەرماندەی گشتی بە ئامادەبوونی براکانمان لە وەزارەتی پێشمەرگە و لایەنە ئەمنییەکانی دیکە، راسپاردەیەک بەرزکرایەوە بۆ بەڕێز فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بۆ بەهێزکردنی توانای مرۆیی ئەم دوو لیوایە، هەروەها بەهێزکردنیان بە توانای هونەری و کامێرای گەرمی بۆ ئەوەی بتوانن بە لێهاتووییەکی بەرزتر کار بکەن. ئەوان ئێستا زۆر بە باشی کار دەکەن، بەڵام بێگومان ئێمە چاومان لە شتی باشترە.
کوردستان24: بەڕێز سەباح، سەبارەت بە رێککەوتننامەی شنگال تا ئێستا ئەم رێککەوتننامەیە جێبەجێ نەکراوە یان کارا نەکراوە، بۆ ئەوەی نەبێتە بیانوویەکیش بەدەست هێزەکانی تورکیاوە، واتە دەڵێن ئەگەر ئەم رێککەوتنە جێبەجێ بکرێت هێزەکانی تورکیا دەچنە دەرەوە هەروەک چۆن هێزەکانی ئەمریکا چوونە دەرەوە. چارەسەری ئەم کێشەیە چۆنە؟
سەباح نوعمان: راستییەکەی، بەڕێز سەرۆکوەزیران، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، عەلی فالح زەیدی رژدە لەسەر داخستنی هەموو دۆسیەکان،و هیچ دۆسیەیەک بە هەڵپەسێردراو یان بە کراوەیی جێناهێڵێت لە ماوەی مانەوەی لە دەسەڵاتدا، لەم چوارچێوەیە کار لەسەر ئەم دۆسیەیەش دەکرێت.
ئێستا کارێکی بەردەوام لە پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک و رێکخستنیدا هەیە. ماوەیەک لەمەوبەر سەرۆکوەزیران کۆبوونەوە لەگەڵ برایانی شنگال هەبوو کە هاتبوونە بەغدا و بەڵێنی رادەستکردنی چەکەکانیان دا، لە هەمان کاتیشدا فەرماندەی گشتی فەرمانی دا کە پاراستنی شنگال لە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا بێت، ئەوانەش چەکەکانیان رادەست دەکەن و تێکەڵ بە پێکهاتە ئەمنییەکان دەکرێن.
پێداگریی لەلایەن حکومەتەوە هەیە لە ماوەی دوو یان سێ مانگی داهاتوودا کۆتایی بە بوونی سوپای تورکیا لە بنکە سەربازییەکان بهێنرێت و لە ماوەیەکی نزیکدا بنکەی زێلکان یان یەکێک لە بنکەکان رادەستی فەرماندەکانی پێشمەرگە بکرێت. ئەمەش بەشێکە لە پێداگریی حکوومەت لەسەر نەهێشتنی هیچ هێزێکی بیانی لە ناو خاکی عێراقدا.
کوردستان24: زۆر سوپاس بەڕێز سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق. زۆر سوپاس بۆ پێدانی ئەم دەرفەتە و جارێکی دیکە بەخێربێن.
سەباح نوعمان: سوپاستان دەکەم