کەمال محەمەد و هێمن حەمەساڵح بەرهەمێکی دوێتیان بڵاوکردەوە
کەمال محەمەد و هێمن حەمەساڵح، دوێتێکی نوێیان بە ناوی "لێم ببوورە" بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە.
شەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، هێمن حەمەساڵح، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد بە کوردستان24ـی راگەیاند، گۆرانییەکە لە تێکستی سەعدوون رەحمانە و ئاواز و دابەشکردنی موزیکەکە لەلایەن موحسین ئەریوانەوە جێبەجێ کراوە.
حەمەساڵح سەبارەت بە بەرهەمەکە گوتی: "دەرهێنانی ڤیدیۆ کلیپەکە لەلایەن خۆمەوە کراوە و ئەم بەرهەمە سێ ساڵ پێش ئێستا لە سوید تۆمار کراوە".
هێمن حەمەساڵح کارکردن لەگەڵ کەمال محەمەدی بە شانازییەکی گەورە وەسف کرد و رایگەیاند: "کاتێک تەمەنم تەنیا یەک ساڵ بووە، کەمال محەمەد بە هونەر و گۆرانییەکانی خزمەتی بە هونەری کوردی کردووە. ئەو هونەرمەندە ماوەیەکی زۆرە بەرهەمی هونەریی بەنرخی پێشکەش بە گوێگرانی کورد کردووە و خەڵک یادگاریی زۆریان لەگەڵ گۆرانییەکانی دروست کردووە، بۆیە ئەم دوێتە بۆ من مانایەکی تایبەتی هەیە".
کەمال محەمەد، هونەرمەندی کورد، ساڵی 1960 لە سلێمانی لەدایکبووە. ئەو ساڵی 1987 لەگەڵ کاروان عوسمان ئەلبومێکیان بە ناوی "نائومێدی" بڵاوکردووەتەوە. کەمال محەمەد پێشتر لەگەڵ ژمارەیەک هونەرمەندی دیکە دوێتی کردووە، کە دیارترینیان سالار مەحمود و عەتا ئەحمەدن.
هێمن حەمەساڵح، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، ساڵی 2006 دەستی بە کاری هونەری کردووە. ئەو تا ئێستا خاوەنی هەشت ڤیدیۆ کلیپە و زیاتر لە 14 تراکی گۆرانیی بڵاوکردووەتەوە.