کامیل زێوەیی: هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی بەستراوەتەوە بە پەسەندکردنی بودجەوە

دوای واژۆکردنی یاداشتی تێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان و دەزگای شەهیدانی عێراق، دۆسیەی 25 هەزار و 600 زیندانی سیاسی رادەستی بەغدا کراوە، بەڵام جێبەجێکردنی بڕیاری هاوتاکردنی مووچەکانیان بەندە بە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتییەوە.

کامیل زێوەیی، سەرۆکی ناوەندی دهۆکی زیندانیانی سیاسی لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24  رایگەیاند، لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا تایبەت بە دۆسیەی زیندانیانی سیاسی و گواستنەوەی میلاکەکانیان، رێککەوتن لەسەر ناو و دۆسیەی زیاتر لە 25 هەزار و 600 کەس کراوە و سەرجەمیان رادەستی حکوومەتی عێراق کراون، بەڵام تاوەکو پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند نەکرێت، پرۆسەی هاوتاکردنی مووچەکانیان ناکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

زێوەیی ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە ماوەی شەش ساڵە کارەکانی لیژنەی پشتڕاستکردنەوەی دۆسیەی زیندانیانی سیاسی راگیرابوو، بەڵام لیژنەکە دەستبەکاردەبێتەوە. جەختیشی کردەوە ئەو زیندانییە سیاسییانەی تا ئێستا دۆسیەکانیان یەکلایی نەکراوەتەوە کاریان لەسەر دەکرێت و ناوەکانیان زیاد دەکرێت بۆ ئەو ژمارەیەی کە پێشتر لەگەڵ بەغدا رێککەوتنی لەسەر کراوە.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە لە 27ـی مانگی رابردوودا، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عێراق یاداشتێکی تێگەیشتنیان واژۆ کرد بۆ هاوتاکردنی مووچەی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لەگەڵ عێراق.