12 کۆچبەر لە دەریای ئیجە خنکان

ژمارەیەک کۆچبەر (ئەرشیف)
ژمارەیەک کۆچبەر (ئەرشیف)

لە دوو رووداوی جیادا لە دەریای ئیجە 12 کۆچبەر خنکان. رووداوی یەکەم بەهۆی پێکدادانی بەلەمێک لەگەڵ کەشتییەکی پۆلیس بوو، رووداوی دووەمیش بەهۆی نوقمبوونی بەلەمێکی بچووکەوە رووی دا.

ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان رایگەیاند، 12 کۆچبەر لە کاتی لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە دەریای ئیجە گیانیان لە دەست داوە. 

پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان باسی لەوە کرد، شەش لەو کۆچبەرانە لە نزیک دوورگەی لێسبۆس خنکاون، ئەمەش دوای ئەوەی بەلەمەکەیان خۆی بە کەشتییەکی پۆلیسدا کێشاوە. 

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، لە نێو خنکاوەکانی ئەو رووداوەدا منداڵێک و چوار ئافرەت هەن و تەرمەکانیان دۆزراونەتەوە.

دەربارەی رووداوی دووەم پاسەوانی کەناراوەکان باسی لەوە کردووە، شەش کۆچبەری دیکە لە نزیک دوورگەی سامۆس خنکاون، هۆکارەکەشی بۆ نوقمبوونی بەلەمە بچووکەکەیان گەڕاندووەتەوە.

هاوکات بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند، هیچ کوردێک لەنێو ئەو کۆچبەرانەدا نییە کە لە دەریای ئیجە خنکاون.

دەریای ئیجە یەکێکە لە رێگە سەرەکییەکانی کۆچبەران بۆ پەڕینەوە لە تورکیاوە بەرەو یۆنان و وڵاتانی ئەوروپا. ساڵانە هەزاران کەس بە مەبەستی گەیشتن بە ژیانێکی باشتر، لە رێگەی بەلەمی بچووک و نائارامەوە ئەو گەشتە مەترسیدارە دەکەن. قاچاخچییەکان بەردەوام سەرنشینێکی زۆر دەخەنە نێو بەلەمەکانەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی نوقمبوونیان و گیانلەدەستدانی سەدان کۆچبەر. 

دوورگەکانی لێسبۆس و سامۆس بەهۆی نزیکییان لە تورکیاوە، بەردەوام رووداوی خنکانیان تێدا تۆمار دەکرێت. هێزە ئەمنییەکانی یۆنان رۆژانە چاودێریی ئەو سنوورانە دەکەن بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی. زۆرجار کۆچبەران بۆ رزگاربوون لە دەستی پۆلیس هەوڵی راکردن دەدەن، ئەمەش کۆنترۆڵی بەلەمەکان لەدەست دەردەهێنێت و دەبێتە هۆی پێکدادان یان ژێرئاوکەوتن، هاوشێوەی ئەو دوو کارەساتەی لەم رۆژانەدا روویان داوە.