بەرنامەی جیهانیی خۆراک بەهۆی کەمیی بودجەوە یارمەتییەکانی بۆ غەززە کەم دەکاتەوە

 بەرنامەی جیهانیی خۆراکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بەهۆی کەمیی بودجەوە بڕیاریدا یارمەتییەکانی بۆ 500 هەزار کەس لە کەرتی غەززە رابگرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بەتەواوەتی وێران بووە و خەڵکەکەی پیویستیان بە یارمەتی هەیە.

بەرنامەی جیهانی خۆراک رایگەیاند کە بەهۆی کورتهێنانی داراییەوە، ناچار بووە کۆتایی بە دابینکردنی یارمەتیی مانگانەی بۆ نیو ملیۆن کەس لە غەززە بهێنێت، و بەم هۆیەشەوە ئێستا تەنها 1.1 ملیۆن فەڵەستینی، کە دەکاتە نزیکەی نیوەی دانیشتووانی کەرتەکە، یارمەتیی خۆراکی یان پارەی کاش بە بڕێکی کەمکراوە لە ئاژانسەکە وەردەگرن.

شۆن هیوز، بەڕێوەبەری هەرێمیی بەرنامەی جیهانیی خۆراک لە فەلەستین، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "خەڵک لە ئارامیدا ناژین. هێرشە ئاسمانییەکان بە شێوەیەکی رۆژانە بەردەوامن و خەڵکیش بەردەوام روو لە ئاوارەبوون دەکەن."

بەگوێرەی نوێترین تاقی کردنەوەکان، 1.4 ملیۆن کەس، واتە نزیکەی دوو لەسەر سێی دانیشتووانی غەززە، هێشتا بە دەست "نەبوونی ئاسایشی خۆراکیی توند"ەوە دەناڵێنن و پێویستیان بە یارمەتیی مرۆیی هەیە بۆ بەردەوامبوونی ژیان.

سەبارەت بە دابەزاندنی یارمەتییەکان، بەرنامەی جیهانیی خۆراک ناچار بووە قەبارەی هاوکارییەکانیش کەم بکاتەوە، بە جۆرێک کە بەشی خێزانەکان بۆتە یەک و ئەو 75 هەزار خێزانەی پارەیان پێدەکرا، بڕی پارەکەیان لە 1250 بۆ 750 شیکل (لە 400 بۆ 240 دۆلار) کەم کراوەتەوە.

بەرنامەی جیهانیی خۆراک لە سەرچاوەی دارایی کشاوەتەوە، بە تایبەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ گەڕایەوە سەر دەسەڵات و هاوکارییەکانی بۆ ئاژانسە ئەممییەکان کەم کردەوە، و ئەم ئاژانسە داوای 450 ملیۆن دۆلار دەکات بۆ شەش مانگی داهاتوو، بەڵام لە ساڵی 2026 تەنیا نیوەی ئەو بڕە پارەیەی دەستکەوتووە.