سلێمانی.. پێشانگەی هاوبەشی "پەنجە زێڕینەکانی رۆژهەڵات" کرایەوە
پێشانگەی هاوبەشی شێوەکاریی "پەنجە زێڕینەکانی رۆژهەڵات"، بەبەشداری 36 هونەرمەندی شێوەکار، لە هۆڵی مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنە سوورەکە لە سلێمانی کرایەوە و دوو رۆژ بەردەوام بوو.
سێشەممە، 20ی تشرینی یەکەمی 2026، سالار باقی، هونەرمەندی شێوەکاری بەشداربووی پێشانگەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "کرانەوەی ئەم پێشانگەیە لە رووی مەعنەوییەوە بایەخێکی مەزنی هەیە، چونکە نەک تەنیا دەرفەتێکە بۆ پیشاندانی توانای داهێنەرانەی هونەرمەندان، بەڵکو بەدیهێنەری پەیامێکی مرۆیی و جیهانییە کە سنووری جوگرافی و زمانەکان دەبەزێنێت؛ چونکە هونەر وەک زمانی حاڵی گەلان و نەتەوەکانی جیهان ناسراوە و پەیامی ئاشتی، جوانی و هاوبەشی مرۆیی دەگەیەنێت."
سالار باقی سەبارەت بە کردنەوەی پێشانگەکە گوتی، "هەروەها رێکخستنی ئەم چالاكییە هاندانێکی مەزنە بۆ بەردەوامی و پێشڕەوی لەسەر رێچکەی کاری هونەری و برەودان بە بەهرەی هونەرمەندان، ئەمەش ماندوبوونی هەمیشەیی ئێمەی هونەرمەندانی ئەم بوارە بەدیدەهێنێت، بەوەی نرخ و بەهای کارەکانمان لە پێشانگەیەکی لەو شێوەیەدا بەرز رادەگیرێت."
سەبارەت بە گرنگیی تایبەتمەندیی پێشانگەکە، سالار باقی دەڵێت، "سەبارەت بەتایبەتمەندی پێشانگەکە، فرەڕەنگی و دەوڵەمەندییەکی زۆر لە شێواز و تەکنیکەکاندا بەرچاو دەکەوێت. تابلۆکان تێکەڵەیەکن لە گوزارشتە رەنگییەکان، تابلۆی سروشتی، فۆرمی هاوچەرخ و کلاسیک کە هەر یەکێک لە ئێمە گوڕ و تینی تایبەتی دەروونی و فیکری دەگوازینەوە بۆ بینەر."
ئەو شێوەکارە ئاماژەی بەوەش دا، "لەو پێشانگەیەدا، کاری پەیکەرسازیش نمایش کرا، لە نێوان تابلۆی رەنگاوڕەنگ و پەیکەرسازییدا، هۆڵەکەی پڕ کردووە لە ژیان و جوانی، و ژینگەیەکی فەرهەنگی و پێشکەوتووی خوڵقاندووە کە تێیدا بینەر دەتوانێت تێکەڵ بە جیهانی فیکر و سۆزی هونەرمەندان ببێت و چێژ لەم پێشانگە هاوبەشە گەورەیە وەرگرێت."
