ئەمریکا سزای نوێ بەسەر کەسایەتی و کۆمپانیا و کەشتیی پەیوەندیدار بە ئێراندا دەسەپێنێت
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سەپاندنی زنجیرەیەک سزای نوێی پەیوەندیدار بە ئێرانی راگەیاند، پێنج کەسایەتی، چوار کۆمپانیا و نۆ کەشتیی جیاواز دەگرێتەوە.
چوارشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، سزاکان ژمارەیەک کەسایەتی و کۆمپانیایەکی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە یاسایییەکان لە پەنەما، لە پاڵ چەند کۆمپانیایەکی بواری گواستنەوە و کەشتیوانیی پەیوەندیدار بە ئیمارات و سینگاپوور لەخۆدەگرێت. لە نێو ئەو کۆمپانیایانەشدا، کۆمپانیای "وەیڵس شیپینگ لاین" بارەگای سەرەکیی لە دوبەیە، خرایە نێو لیستی رەشی سزاکانی واشنتنەوە.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا رایگەیاند، نۆ کەشتی بە ئاڵای وڵاتانی پەنەما و دەوڵەتی ئیماراتەوە لە گواستنەوەی دەریاییدا کاریان دەکرد، بەهۆی پەیوەندییان بە ئێرانەوە سزایان بەسەردا سەپێنراوە.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکانیدا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا مۆڵەتێکی دەرکردووە، بەپێی رێنمایییەکان رێگە بە کۆتاییهێنان و یەکلاکردنەوەی مامەڵە بازرگانییەکان دەدات لەگەڵ کۆمپانیای "کارناکیس ئەند کارناکیس" لە سزاکاندا ناوی هاتووە. هاوکات مۆڵەتێکی دیکەی پەیوەندیدار بە دانوستاندن و واژۆکردنی گرێبەستی مەرجدار بۆ فرۆشتنی کۆمپانیای "لوک ئۆیل ئینتەرناشناڵ" و چالاکییەکانی چاککردنەوە و خزمەتگوزاریی پەیوەست بەو کۆمپانیایە دەرکردووە.