دوای پێنج رۆژ لە پچڕانی کارەبای وێستگەی نووسەران لە هەولێر ئاسایی بووەوە
بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەی کارەبای هەولێر رایگەیاند، پاش پێنج رۆژ کارکردنی بەردەوام، کێشەی وێستگەی 132 کەی ڤیی نووسەران بە تەواوی چارەسەر کرا و کارەبا بۆ هاوبەشانی وێستگەکە گەڕێندرایەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەی کارەبای هەولێر، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 23ـی تشرینی یەکەمی 2026، کاتژمێر 07:18، پاش ماندووبوونێکی زۆری تیمەکانی کێبڵاتی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان، سەرجەم فیدەرەکانی وێستگەی نووسەران بە سەرکەوتوویی خرانەوە کار و رووناکی بۆ هەزار هاوبەشی کارەبا گەڕێندرایەوە.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، ئەم کێشەیە دوای ئەوە هات رۆژی 19ـی تشرینی یەکەم، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو بەهۆی ئەنجامدانی زنجیرەیەک کاری سازدانەوە و شارستانی، 12 کێبڵی کارەبای 132 کەی ڤیی پاڵەپەستۆی بەرز زیانیان بەرکەوتبوو، ئەوەش بووە هۆی پچڕانی تەزووی کارەبا لە هەردوو وێستگەی "نووسەران" و "پارک" لە شاری هەولێر.
بەهۆی ئەو گرفتە تەکنیکییەوە، نزیکەی 72 هەزار هاووڵاتی لە گەڕەک و شوێنەکانی (نووسەران، حاکماوە، تەیراوە، بەشێکی بەختیاری، سەڵاحەددین، ئاری، تاوەرەکانی گوڵان، پڕۆژەی کواترۆ، سکای تاوەر و بۆلیڤارد) لە پێدانی کارەبا بێبەش بووبوون، کە لە ئێستادا بە تەواوی کێشەکە چارەسەر کراوە.