58 ساڵ بەسەر دامەزراندنی زانکۆی سلێمانیدا تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ 58 ساڵ بەسەر دامەزراندنی زانکۆی سلێمانیدا تێپەڕ دەبێت، ئەو ناوەندە ئەکادیمییە یەکەمین زانکۆی حکوومییە لە هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ هەینی، 23ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی زانکۆکە سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، بەپێی بڕیاری ژمارە 143 کە لە رۆژنامەی فەرمیی (وەقایعی عێراقی)دا بڵاوکرایەوە، لە تشرینی یەکەمی 1968دا دەرگای بەڕووی قوتابییاندا کردەوە. لە مێژووی خۆیدا ئەم ناوەندە ئەکادیمییە بە چەندین قۆناخی دژواردا تێپەڕیوە؛ لەوانە بۆردومانکردنی راستەوخۆی کەمپەکەی لە قەڵادزێ لە نیسانی 1974 لەلایەن رژێمی بەعسەوە، هەروەهالە ساڵی 1981، گواسترایەوە هەولێر.

زانکۆی سلێمانی لە رێگەی کەمپە جیاوازەکانی، دەیان کۆلێژ و بەشی زانستی، هاوشانی سەنتەرەکانی توێژینەوە، کاروانی فێربوون و زانست لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبات و ساڵانە هەزاران دەرچوو لە پسپۆڕییە جیاوازەکان پێشکەشی بازاڕی کار و کۆمەڵگە دەکات.

لە رووی نێودەوڵەتی و ئەکادیمییەوە، زانکۆکە پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە؛ بە جۆرێک لە رێگەی پەیڕەوکردنی سیستەمی هاوچەرخ، بەدیجیتاڵکردنی پرۆسەی خوێندن، خۆگونجاندن لەگەڵ سەردەمی زیرەکیی دەستکرد، و تۆمارکردنی دەستکەوتی ژینگەیی لە فەرهەنگی گینس بۆ ریکۆردە جیهانییەکان، پێگەیەکی دیاری هەیە. هاوکات ناوی 18 توێژەری زانکۆی سلێمانی لە ریزبەندیی لوتکەی توێژەرانی جیهاندا (Top 2%) تۆمار کراوە، کە بەڵگەی بەرزبوونەوەی ئاستی زانستیی زانکۆکەیە.