بوومەلەرزەیەک بە گوڕی حەفت پلەی رێختەر چینی هەژاند

درەنگانی شەوی رابردوو، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی حەفت پلەی رێختەر هەرێمی تبتی لە وڵاتی چین هەژاند؛ بەپێی ئامارە فەرمییەکان، بەهۆیەوە لانیکەم 16 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 50 کەسی دیکەش بریندار بوون، هاوکات سەدان یەکەی نیشتەجێبوون زیانی گەورەیان بەرکەوتووە.

دەزگا فەرمییەکانی هەرێمی تبتی سەر بە وڵاتی چین بڵاویان کردەوە، درەنگانی شەوی ڕابردوو بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی حەفت پلەی رێختەر هەرێمەکەی هەژاندووە؛ لە ئەنجامدا لانیکەم 16 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 50 کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکانی لایەنە فەرمییەکانی تبت، لە نێو بریندارەکاندا باری تەندروستیی 11 کەسیان سەخت و ناجێگیرە. هەروەها لە رووی زیانە ماددییەکانەوە، بەهۆی بەهێزی بوومەلەرزەکە نزیکەی 340 خانوو لە ناوچەکەدا زیانی بەرچاویان بەرکەوتووە یاخود بە تەواوەتی وێران بوون.

دەسەڵاتدارانی ناوچەکە دەستبەجێ کەوتوونەتە ئامادەباشییەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی کارەساتەکە؛ لەو چوارچێوەیەشدا دامەزراوە پەیوەندیدارەکان هەزار خانوو و سێ هەزار خێمەی فریاگوزارییان ئامادە کردووە بە مەبەستی پێشوازیکردن و نیشتەجێکردنی ئەو خێزانانەی کە ماڵەکانیان زیانیان بەرکەوتووە یان رووخاون.

هاوکات، زیاتر لە هەزار و 600 کارمەند لە تیمەکانی فریاکەوتن و بەرگریی شارستانی راسپێردراون تا بە شێوەیەکی خێرا بەدەم لێقەوماوانەوە بچن، گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبوواندا ئەنجام بدەن و چارەسەری بە پەلە پێشکەش بە برینداران بکەن.