ئەژین فەهمی کتێبی "روون وه‌ک ته‌مومژ"ی بڵاوکردەوە

ئەژین فەهمی، نووسەر و چیرۆکنووس، نوێترین کۆمەڵە چیرۆکی خۆی بە ناونیشانی "روون وەک تەمومژ" بڵاوکردەوە، کە بە هاوبەشی لەلایەن ناوەندی رەهەند و ناوەندی کەپرەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

شەممە 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، فەهمی بە کوردستان24ـی راگەیاند: "لە "روون وەک تەمومژ" دا ژن خۆی گێڕەرەوەیە و وەک یەک دەنگ یان یەک رووخسار نابینرێت، بەڵکو مرۆڤێکە خاوەنی چەندین رووە و هەر روویەک لە دۆخێکدا دەردەکەوێت. گێڕانەوەکان جەخت لەسەر ئەو دۆخە ناڕوون و ئاڵۆزەی ژن دەکەنەوە کە بە کۆمەڵگەوە دەبەسترێتەوە، هەروەها رامانێکە لە ناخی ژن و خەونە کپ و چەپێنراوەکان کە وەک تەمومژ، نە هەموو شتێک دەشارنەوە و نە هەموو شتێک ئاشکرا دەکەن."

سەبارەت بە گرنگیی ئەم بەرهەمە، فەهمی گوتی: "ئەم چیرۆکانە هەوڵێکن بۆ چوونە قووڵایی وردەکاریی پێوەندییەکانی ژن و ژن، ژن و پیاو، هەروەها ژن و کۆمەڵگە. لە رێگەی هەڵکۆڵینی دەروونییەوە ویستوومە ئەو دیوارانە لاببەم کە ژن لە ئازادی دادەبڕن."

فەهمی باسی لەوەش کرد، لەم چیرۆکانەدا وێنەی چەندین ژن دەردەکەوێت کە دەڕۆن و ئاوڕ نادەنەوە، بەڵام رۆیشتنەکەیان هەمیشە دواخراوە؛ رۆیشتنێک کە لە خەیاڵدا هەزارجار کراوە، لەناو ئەو خەونە سەرشێتانەی لە دڵدا دەشاردرێنەوە، لەگەڵ ئەو چەپاندنانەی ساڵانێکە بێدەنگ هەڵگیراون و ئەو بوێرییانەی جاروبار لەناکاو لە ناخەوە سەرهەڵدەدەن.

فەهمی لەبارەی خۆشەویستی و رەتکردنەوە لە چیرۆکەکانی کتێبەکەدا روونیکردەوە: "لەو کۆمەڵە چیرۆکەدا خۆشەویستی و رەتکردنەوە وەک دوو هێزی زۆر نزیک لە یەک دەردەکەون؛ خۆشەویستییەک کە دەتوانێت ببێتە پشتیوانی ژن و هێزی پێ ببەخشێت، یان ببێتە هۆکاری داڕمانی."

ئەژین فەهمی لە ساڵی 1991 لە هەولێر لەدایک بووە و ئێستا دانیشتووی سۆرانە. ئەو نووسەرە خوێندنی سەرەتایی لە سلێمانی تەواو کردووە و دبلۆمیشی لە سۆران وەرگرتووە، هاوکات لە بواری نووسینی چیرۆک و شانۆدا خاوەنی چەندین خەڵاتە.