بەغدا.. دڵسۆز رەسووڵ بە تابلۆیەک لەبارەی کۆچبەرانی کورد بەشداری لە پێشانگەی 'شێوەکاری دیدگا' کرد

دڵسۆز رەسوول، خانمە هونەرمەندی شێوەکاری کورد، بە تابلۆیەک چیرۆکی دڵتەزێنی کۆچبەرانی کورد لە دەریای ئیجەدا دەگێڕێتەوە، بەشداری لە 14یەمین پێشانگەی هاوبەشی "شێوەکاری دیدگا" کرد، کە لە بەغدا بەڕێوەچوو.ئەو لەمبارەیەوە دەڵێت، " من وەک تاکە ئافرەتی بەشداربوو لە هەرێمی کوردستانەوە، لەم پێشانگەیەدا تابلۆیەکی پڕ لە هەست و ئازار پێشکەش دەکەم کە رەنگدانەوەی چارەنووسی کۆچبەرانی کوردە."

یەکشەممە، 25ی تشرینی یەکەمی 2026، دڵسۆز رەسوول، خانمە شێوەکاری کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "تابلۆکەی من تەنیا بەرهەمێکی هونەری نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ گواستنەوەی ئازار و تراژیدیای مرۆڤەکان لە رێگەی رەنگ و وێنەوە؛ بەرهەمێک هونەر دەکاتە زمانێک بۆ گێڕانەوەی ئەو چیرۆکانەی لە پشت هەر سەفەرێکی کۆچدا هەن، و یادەوەریی ئەو کەسانەش زیندوو رادەگرێت لە رێگەی گەڕان بەدوای ژیانێکی باشترەوە، بوونەتە قوربانیی مەترسییەکانی دەریا."

دڵسۆز سەبارەت بە گرنگیی بەشاریکردنی لەو پێشانگە نێودەوڵەتییە گوتی، "من وەک تاکە ئافرەتی بەشداربوو لە هەرێمی کوردستانەوە، لەم پێشانگەیەدا تابلۆیەکی پڕ لە هەست و ئازار پێشکەش دەکەم  کە رەنگدانەوەی چارەنووسی کۆچبەرانی کوردە؛ ئەوانەی بە هیوا و ئاواتی گەیشتن بە ژیانێکی ئارامتر، رێگای سەفەری مەترسیداریان گرتووەتە بەر، بەڵام هەندێکیان لە قووڵایی دەریای ئیجەدا ژیانیان لەدەست داوە."

ئەو خانمە شێوەکارە جەختی لەوەش کردەوە، "پێشانگەی "شێوەکاری دیدگا" لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی هونەریدا پێشکەشکرا و دەزگای ئەشنونا و ماڵپەڕی شێوەکارە عێراقییەکان پشتگیریی دەکەن. ئەم پڕۆژەیە جەخت لەسەر گرنگیی پشتگیریکردنی هونەری شێوەکاری، دەرفەتدان بە توانا نوێکان و دروستکردنی پردی پەیوەندی لەنێوان هونەرمەندان و کۆمەڵگە جیاوازەکانی ناوچەکە دەکاتەوە."

سەبارەت بە بەشداریکردنی لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندانی عەرەبی، دڵسۆز دەڵێت، "بەشداریی 97 هونەرمەند لە وڵاتانی عەرەبی، پێشانگەکە دەکاتە بۆشاییەک بۆ یەکگرتنی ئەزموون و دیدگا هونەرییە جیاوازەکان؛ لە هەمان کاتدا، بەشداریی من نموونەیەکە لەوەی چۆن شێوەکاری دەتوانێت لە سنووری جوانیی رەنگ و رووکار تێپەڕێت و ببێتە ئامرازێک بۆ دەربڕینی ئازاری مرۆڤ و گەیاندنی پەیامێکی کۆمەڵایەتی و مرۆیی."

دڵسۆز رەسوول باسی لەوەش کرد، "تابلۆی من، بە گێڕانەوەی چیرۆکی کۆچبەرانی کورد، هونەر وەک پردێک لەنێوان بیرەوەری و راستییە تاڵەکاندا بەرجەستە دەکات و سەرنج دەخاتە سەر چارەنووسی ئەو مرۆڤانەی کە لە پێناو دۆزینەوەی داهاتوویەکی باشتر، بە رێگایەکی پڕ لە مەترسی و نەهامەتیدا رۆیشتوون."

دڵسۆز رەسوول، خانمە شێوەکار و شانۆکاری کورد، وەک شێوەکارێک خاوەنی چەندین تابلۆی جۆراوجۆرە و بەرهەمەکانی زیاتر تیشک دەخەنە سەر بابەتە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان. لە بواری شانۆدا وەک ئەکتەر لە ناوەندە هونەرییەکانی وەک ناوەندی شانۆیی تاڤ لە سلێمانی چالاکی هەیە و تا ئێستاش بەردەوامە لەکاری هونەری.