هەزاران عێراقی یادی حەوت ساڵەی خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمی 2019ـیان کردەوە

 هەزاران کەس لە هاووڵاتییانی عێراق لە بەغدا و چەند شار و پارێزگایەکی ناوەڕاست و باشووری وڵات، یادی حەوت ساڵەی هەڵگیرسانی خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمی 2019ـیان کردەوە، ئەمەش لە کاتێکدا بوو، رێوشوێنی توندی ئەمنی گیراوەته بەر و دەستەی حەشدی شەعبیش یادەکەی بە رۆژی رەش وەسفکرد.

یەکشەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە سەرەتای کاتژمێرەکانی بەیانییاندا، سەدان گەنج و چالاکوان روویان لە ساحەی تەحریر لە ناوەڕاستی بەغدا کرد، لە ساڵی 2019ـدا مۆڵگەی سەرەکیی خۆپیشاندانەکان بوو و توانی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی بڕوخێنێت، هەرچەندە ئەمە باجێکی قورسی لە گیانی هاووڵاتییاندا لێکەوتەوە و نزیکەی 600 کەس کوژران و سەروو 20 هەزار خۆپیشاندەریش بریندار بوون.

تا ئێستاش داواکاریی سەرەکیی چالاکوانان بریتییە لە دادگاییکردن و سزادانی ئەو گرووپانەی دەستیان لە کوشتنی خۆپیشاندەراندا هەبووە، لە کاتێکدا پەنجەی تۆمەت بۆ چەند کەسایەتی، گرووپی چەکدار و چەند باڵێک لە ناو دەستەی حەشدی شەعبیدا درێژ دەکرێت. لەم سۆنگەیەوە، دەستەکە بەیاننامەیەکی دەرکرد و یادی تشرینی بە رۆژی رەش ناوبردووە.

خۆپیشاندەرانی بەغدا لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان

 

رۆژی رەش

دەستەی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لەو رۆژە رەشەدا، دەستی خیانەت و ناپاکی درێژ بووەوە بۆ تیرۆرکردنی وسام عەلیاوی، و براکەی سەرکردە لە حەشدی شەعبی، ئەمەش تاوانێکی دڕندانە بوو کە رووی راستەقینەی گرووپە هەڵگەڕاوەکانی دەرخست.

وسام عەلیاوی کە بەرپرسی نووسینگەی عەسائیب ئەهلی حەق بوو لە عیمارە، دوای ئەوەی لەلایەن ژمارەیەک هاووڵاتیی توڕەی خۆپیساندەرەوە گەمارۆ درا، گیانی لەدەست دا. پێشتر لە ئەیلوولی 2022ـدا، دادگا سجاد ئەسعەد عەلی بە تۆمەتی کوشتنی عەلیاوی و براکەی بە سزای لەسێدارەدان سزا دا.

سەرباری تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر خۆپیشاندانەکاندا، هێشتا دۆخی گرژی لە نێوان چالاکوانان لە لایەک و لایەنە سیاسی و چەکدارەکان لە لایەکی ترەوە بوونی هەیە. لە کاتێکدا چالاکوانان حزبەکان بە گەندەڵی و سەرسپاردەیی بۆ دەرەوە تۆمەتبار دەکەن، لایەنەکانیش بانگەشەی ئەوە دەکەن کە خۆپیشاندەران مەیلیان بۆ لای ئەمریکا هەیە.

 

رێوشوێنی ئەمنی و قەدەغەی هاتوچۆ

سەرکردایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، شەممە رایگەیاندبوو، دەستبەجێ رێوشوێنی رێکخراوەیی و ئەمنی بۆ پاراستنی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز لە گۆڕەپانی تەحریر دەگرنە بەر.

بەپێی بەیاننامەی فەرماندەیی، رێوشوکارەکان توندوتۆڵکردنی پشکنینی هاووڵاتییان لە رێگاکانی گەیشتن بە گۆڕەپانی تەحریر لەخۆ گرتووە، لە هەمان کاتدا رێگری لە تێپەڕبوونی ماتۆرسکیل لەسەر رێگا سەرەکییەکان کراوە. سەرەڕای بەڵێنی کردنەوەی رێگاکان، بەڵام لە بەیانیی زووەوە قەرەباڵخییەکی زۆر لە ترافیک و شەقامەکانی بەغدا دروست بوو.

لە بەرامبەردا، چەند چالاکوانێک لە گۆڕەپانی تەحریر باسیان لەوە کرد کە رێوشوێنی توند و رێگری لە تیمەکانی راگەیاندن کراوە بۆ رووماڵکردنی خۆپیشاندانەکە، و لە هەندێک حاڵەتدا مۆبایلی کەسیش دەستی بەسەردا گیراوە.

 

پەیامی سەرۆکوەزیران

پێش دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیامێکی ئارامکەرەوەی ئاراستەی خۆپیشاندەران کرد و رایگەیاند، خۆپیشاندان مافێکی دەستوورییە و حکومەت پابەندە بە گوێگرتن لە داواکارییەکان و خزمەتکردنی هاووڵاتییان. هەروەها حکومەتەکەشی بڕیاری دا 120 هەزار هەلی کار بە شێوەی هەمیشەیی بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست دابین بکات بۆ ئەوەی تا رادەیەک تووڕەیی شەقام کەم بکاتەوە.

چاودێران پێیان وایە، ناڕەزایەتییەکان رەنگدانەوەی قەیرانی دارایی، بەرزبوونەوەی نرخ و دابەزینی بەهای دراوە بەرانبەر بە دۆلار، و گیانی خۆپیشاندان هێشتا زیندووە لە دڵی گەنجاندا بۆ بەدیهێنانی گۆڕانی ریشەیی.