سێنتکۆم: هاوکاریی وڵاتانی کەنداومانکردووە بۆ هەناردەکردنی زیاتر لە 1.5 ملیار بەرمیل نەوت
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە سەرەتای وەرزی هاوینەوە، هاوکاریی پێویستی پێشکەشی وڵاتانی ناوچەی کەنداو کردووە بۆ تێپەڕاندن و هەناردەکردنی زیاتر لە 1.5 ملیار بەرمیل نەوت لە رێگەی گەرووی هورمزەوە.
دووشەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، سێنتکۆم رایگەیاند، لە کاتێکدا پەرەسەندنە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا بەردەوامن، تاران پێداگریی لەسەر کۆنترۆڵکردنی گەرووەکە دەکات و داوای وەرگرتنی مۆڵەت لەو کەشتییانە دەکات کە دەیانەوێت تێپەڕن، لە بەرانبەریشدا واشنتن جەخت لەسەر پاراستنی ئازادیی رێڕەوە دەریاییەکان دەکاتەوە و نەوتهەڵگرەکان بە هاوکاری و پشتیوانیی هێزە ئەمریکییەکان بە سەلامەتی رێگاکەیان دەبڕن.
لەم چوارچێوەیەدا، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاشکرایکرد، براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا، لە 25ـی تشرینی یەکەمدا سەردانی گەرووی هورمزی کردووە و لە رێگەی هەلیکۆپتەرێکی جۆری (CH-47 Chinook)ـەوە چاودێریی دۆخی مەیدانی و کارپێکراوەکانی لە ناوچەکەدا کردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا زیاتر لە 3000 کەشتیی بازرگانی توانیویانە بە سەرکەوتوویی و بە پشتیوانیی هێزە ئەمریکییەکان لە گەرووەکە بپەڕنەوە، و رێژەی تێپەڕبوونی سەلامەتیی کەشتییەکان بۆ سەرووی 95%ـی بەرز بووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی کە هەوڵەکانی پاککردنەوەی رێڕەوە نێودەوڵەتییەکان لە مەترسییەکانی مینە دەریاییەکان ئەنجامدراون.
لە لایەکی دیکەوە، داتاکانی تایبەت بە چاودێریی کەشتیوانی (کێپلەر) دەرخەری ئەوەن کە ئاستی هەناردەکردنی نەوت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گەڕاوەتەوە ئاستەکانی پێش قەیرانەکە. هاوکات مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پێشتر راگەیاندبوو، تاران کۆنترۆڵی تەواوی خۆی لەسەر گەرووی هورمز لەدەست داوە و رێڕەوەکان بە رووی هاتوچۆی بازرگانیدا کراونەتەوە.