سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا لەگەڵ نوێنەری قوتابیان کۆدەبێتەوە
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا، سێباستیان لوکورنو بڵاویکردووەتەوە، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکوەزیران لەگەڵ نوێنەری قوتابیانی ناڕازی و خۆپیشاندەر لەبارەی تاوتوێی داواکارییەکانیان، دۆخی خوێندن و خراپی بژێوی و گرانی بازاڕ کۆببێتەوە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیران روونی کردەوە، کۆبوونەوەکە لە باڵەخانەی سەرۆکایەتیی حکوومەتی فەرەنسا "ماتینیۆن" لە پاریس بەڕێوە دەچێت، بە بەشداری وەزیری پەروەردەی نیشتمانی ئێدوار جێفری و وەزیری خوێندنی باڵا فیلیپ باتیست.
بڕیارە هەردوو وەزیر دوای نیوەڕۆی دووشەممە، لە دوای کۆتاییهاتنی گفتوگۆکان لەگەڵ نوێنەری قوتابیان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجام بدەن.
کۆبوونەوەکە دوای کۆتایی هەفتەیەک دێت کە شایەتی ناڕەزایەتییەکان بوو لە فەرەنسا، لە ناوەڕاستی داواکارییەکان بۆ باشترکردنی بارودۆخی قوتابخانە ئامادەییەکان و جێبەجێکردنی ئەو چاکسازییانەی کە حکوومەت لە کەرتى پەروەردەدا بەڵێنی پێداون.
قوتابیانی قوتابخانە ئامادەییەکان زیاتر لە مانگێکە چالاکییەکانیان بەردەوامە، وەک ناڕەزایەتییەکی دژی بارودۆخی خوێندن و داواکارن چاکسازیی لە سیستەمی پەروەردەدا بکرێت.
ناڕەزایەتییەکان داخستنی دەرگای ژمارەیەک قوتابخانەی لەخۆگرت، لە کاتێکدا دەستوەوەردانی پۆلیس بۆ بڵاوەپێکردنی هەندێک کۆبوونەوە، رەخنەی لەلایەن قوتابیان و باوان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە لێکەوتەوە.
خۆپیشاندەران هێزەکانی ئاسایشیان بە بەکارهێنانی توندوتیژی زیادە لە مامەڵەکردن لەگەڵیان تۆمەتبار کرد، لە کاتێکدا راپۆرتەکان باس لە برینداربوونی ژمارەیەک مێرمنداڵ و دەستبەسەرداکردنی هەزاران کەس دەکەن لە ماوەی ناڕەزایەتییەکاندا.
لوکورنو لە رێگەی دیداری لەگەڵ نوێنەری قوتابیاندا هەوڵ دەدات کەناڵەکانی گفتوگۆ سەبارەت بە داواکارییەکانی ناڕەزایەتییەکان بکاتەوە، لە کاتێکدا فشارەکان لەسەر حکوومەتی فەرەنسا زیاتر دەبن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانەکە.
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە کە رۆژی شەممەی رابردوو خۆپیشاندانی بەرفراوان چەندین شاری فەرەنسا کە ململانێ و پێکدادانی لێکەوتەوە؛ بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆ نزیکەی 410 هەزار کەس پشگیرییان لە خۆپیشاندانەکان کردووە، لە کاتێکدا سەندیکاکان ژمارەکە بە 800 هەزار کەس مەزەندە دەکەن.
بۆ رێگریکردن لە ئاڵۆزییەکان، زیاتر لە 70 هەزار پۆلیس لە سەرتاسەری وڵاتدا بڵاوەیان پێکرابوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە پاریس و مارسیلیا و بوردۆ پێکدادان روویدا و پۆلیس گازی فرمێسکڕێژ و ئاوی بەکار هێنا. لە ئەنجامی ئاڵۆزییەکاندا 53 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون و دەستبەسەرداکردنی زیاتر لە هەزار و 300 کەس تۆمار کرا، کە تەنیا 142 کەسیان لە پاریسی پایتەخت بوون.
ئیپستیکار و فشاری سیاسی لەسەر حکوومەتی فەرەنسا زیاتر بووە تاوەکو رێگەچارهیەک بۆ داواکاریی قوتابیان و گرانبوونی تێچووی ژیان بدۆزێتەوە، لە کاتێکدا سەرۆک کۆمار ئیمانوێل ماکرۆن پێشتریش فەرمانی دابوو، تەنیا ئەو خۆپیشاندانانە رێگەپێدراون کە لەلایەن سەندیکا فەرمییەکانەوە رێک دەخرێن.