ئەمڕۆ نزیکەی پێنج هەزار چەکداری یەبەشە تێکەڵ بە هێزەکانی عێراق دەکرێن

چەکدارانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)
چەکدارانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)

لە چیای شنگال پرۆسەی تێکەڵکردنی چەکدارانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)، بە دامەزراوەکانی حکوومەتی عێراق دەست پێدەکات و چوار بۆ پێنج هەزار چەکدار دەبنە بەشێک لە دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق. 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شنگال، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، بڕیارە لە چیای شنگال رێوڕەسمێکی تایبەتبە پرۆسەی تێکەڵکردنی چەکدارەکانی یەبەشە بە دامەزراوەکانی حکوومەتی عێراق بەڕێوەبچێت.

بە گوتەی سەرچاوەکە، پرۆسەکە بە چەند قۆناخێک جێبەجێ دەکرێت و نزیکەی پێنج هەزار چەکدار دەبنە بەشێک لە ئەندامانی دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق، بە گوێرەی میکانیزمی تێکەڵبوونیان ئەو چەکدارانەی دەبنە بەشێک لە دامەزراوەکانی فیدراڵی عێراق و هەر لە شنگال بە ناوی پاراستنی ناوچەکە دەمێننەوە.

سەرچاوەکە ئەوەشی روونکردەوە، لە رێوڕەسمەکەدا بەشێک لە بەرپرسانی ئەمنی و سەربازیی عێراق و یەبەشە ئامادە دەبن.

تێکەڵبوونی یەبەشە بە دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق، لە چوارچێوەی پلانی حکوومەتی عەلی زەیدییە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی حکوومەتدا.

حەفتەیەک لەمەوبەر، هادی ئەلیاس، گوتەبێژی هێزەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) ئاشکرای کرد بوو، لە شوباتی ئەمساڵەوە گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمنی و سەربازیی حکوومەتی عێراق دەستیپێکردووە، بۆ ئەوەی رێککەوتنێک بۆ رێکخستن و چوونە ناو سیستەمی بەرگریی عێراق بکەن.

باسی لەوەش کردووە، درێژەکێشانی پڕۆسەی رێککەوتنەکە کارێکی ئاساییە، لەبەرئەوەی بابەتەکە پەیوەستە بە داهاتووی کۆمەڵگە، جوگرافیا، مافی ژنان و دەزگا ئەمنییەکان. هاوکات هیوای خواست لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەم پڕۆسەیە لە خزمەت سەقامگیری و سەروەریی عێراق و کۆمەڵگەی ئێزیدی دا سەر بگرێت.

یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)، هێزێکی چەکداری ئێزیدییەکانە و بە ئایدۆلۆژیایەکی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە دەڤەری شنگال، لە دوای هێرشەکانی رێکخراوی داعش و کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لە ساڵی 2014 پێکهێنرا.

لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2020، هەولێر و بەغدا رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگالیان واژۆ کرد، تێیدا جەخت لەسەر دەرکردنی سەرجەم هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی سیستەمی دەوڵەت و گرووپەکانی نزیک لە پەکەکە لە ناوچەکە کرابووەوە. لە ماوەی رابردووشدا عێراق بڕیاری قەدەخەکردنی پەکەکەی دەرکرد، ئەمەش وای کردووە یەبەشە هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە بۆ ئەوەی لە رێگەی گفتوگۆوە وەک هێزێکی فەرمی و یاسایی بخرێتە سەر دامەزراوە ئەمنی و بەرگرییەکانی حکوومەتی عێراق و لە هەڕەشەکان پارێزراو بێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە لە ئاداری ساڵی رابردوودا چەندجارێک لە ناوەندی شنگال و دەوروبەری شەڕ و پێکدادان لەنێوان چەکدارانی یەبەشە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق روویدا، بەهۆیەوە 10 ئەندامی هێزەکانی عێراق، کە پێنجیان پۆلیسی فیدراڵی و پێنجەکەی دیکەشیان سەربازبوون لەگەڵ سێ چەکداری یەبەشە برینداربوون، هاوکات بۆ پێنج چەکداری یەبەشە بۆ چەند کاتژمێرمێک لەلایەن هێزەکانی عێراق بە دیلگیران،.