لۆلا داسیلڤا بۆ چوارەم جار بە سەرۆکی بەرازیل هەڵبژێردرایەوە
لۆلا داسیلڤا بۆ جاری چوارەم پۆستی سەرۆکایەتیی بەرازیلی مسۆگەر کرد و لە گەڕی یەکلاکەرەوەدا بەسەر فلاڤیۆ بۆلسۆنارۆدا سەرکەوت، بەڵام رکابەرەکەی ئەنجامەکە رەتدەکاتەوە.
لیژنەی هەڵبژاردنی بەرازیل بڵاویکردەوە، لۆلا داسیلڤای تەمەن 80 ساڵ گەڕی یەکلاکەرەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی لە فلاڤیۆ بۆلسۆنارۆ بردەوە و بۆ جاری چوارەم وەک سەرۆکی بەرازیل هەڵبژێردرا.
بەگوێرەی ئاماری لیژنەی هەڵبژاردن، رێژەی دەنگەکانی لۆلا داسیلڤا 51.8% بووە، لە بەرانبەردا دەنگەکانی فلاڤیۆ بۆلسۆنارۆ 48.2% بووە.
بەم سەرکەوتنە لۆلا داسیلڤا جارێکی دیکە کورسیی سەرۆکایەتیی مسۆگەر کردەوە. ئەو، لە گوتارێکدا لە بەردەم هەوادارانی دوای سەرکەوتنە گەورەکەی،گوتی، بەرازیلییەکان دەنگیان دا لە پێناو سەرکەوتنی دیموکراسیدا.
لە بەرانبەردا، فلاڤیۆ بۆلسۆنارۆ رەتیکردەوە دان بە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا بنێت و سوورە لەسەر تانەدان لە ئەنجامەکان. هەروەها جەختی کردەوە، چەندین شت جێگەی گومانن.
لۆیز ئیناسیۆ لۆلا داسیلڤا، یەکێکە لە دیارترین سەرکردە چەپەکانی مێژووی بەرازیل و ئەمریکای لاتین. سەرەتا لە نێوان ساڵانی 2003 تاوەکو 2010 بۆ دوو خول سەرۆکی بەرازیل بوو. لەو سەردەمەدا بەهۆی بەرنامە کۆمەڵایەتییەکانییەوە ملیۆنان کەسی لە هەژاری رزگار کرد و ئابووریی وڵاتەکەی گەشەیەکی گەورەی بەخۆیەوە بینی. دواتر بە تۆمەتی گەندەڵی بۆ ماوەی 580 رۆژ زیندانی کرا، بەڵام دادگای باڵای بەرازیل بڕیارەکانی هەڵوەشاندەوە.
لە هەڵبژاردنەکانی کۆتایی ساڵی 2022، لۆلا داسیلڤا گەڕایەوە گۆڕەپانی سیاسی و توانی بە جیاوازییەکی کەم لە جایر بۆلسۆنارۆی سەرۆکی پێشووی راستڕەوەکان بباتەوە و لە سەرەتای ساڵی 2023 دەستی بە کارەکانی کرد. بەهۆی قەدەخەکردنی کاری سیاسی لە جایر بۆلسۆنارۆ لە لایەن دادگاوە، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2026 فلاڤیۆ بۆلسۆنارۆی کوڕی بووە رکابەری سەرەکیی لۆلا.
سیستەمی سیاسیی بەرازیل لە چەند ساڵی رابردوودا بەردەوام بەدەست دابەشبوونی تووندی نێوان راستڕەو و چەپڕەوەکانەوە دەناڵێنێت، رەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش لە لایەن خێزانی بۆلسۆنارۆوە بووەتە دیاردەیەکی باو لەو وڵاتەدا.