ترەمپ لە قسەیەکی پەشیمان بووەوە
ترەمپ لە قسەکانی پێشووی سەبارەت بە لیبیا پەشیمان بووەوە و ستایشی گەلی ئەو وڵاتەی کرد، هاوکات هۆشداری دا لیبیا نابێت وەک رێڕەوێک بۆ کۆچبەرانی نایاسایی بەکاربهێنرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" رایگەیاند، گەلی لیبیا خاوەن شانازی، خۆڕاگر و میواندۆستن و شایستەی ئاشتی و ئاوەدانین.
ترەمپ لە درێژەی پەیامەکەیدا گوتی، ئەمریکا و لیبیا هاوبەشییەکی گرنگیان پێکەوە هەیە لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش. هەروەها ئاماژەی بەوە دا، رێزێکی زۆریان بۆ ئەو کەسانە هەیە کە لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی داعشدا قوربانییان داوە، بەڵام وڵاتەکە چیتر نابێت ببێتە رێڕەوێک بۆ کۆچی نایاسایی و دەبێت ئەو دۆخە کۆتایی بێت.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە، پشتیوانیی خۆیان بۆ یەکگرتنەوەی لیبیا دووپات دەکەنەوە، هەروەها شانبەشانی خەڵکی ئەو وڵاتە دەوەستن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی نیشتمانیی گرنگ. روونیشی کردەوە، لیبییەکان ماوەیەکی زۆرە قوربانیی دەستوەردانی دەرەکی و تیرۆرن، بۆیە دەبێت یەکبگرن و سەروەریی خۆیان بگەڕێننەوە.
ئەم ستایشەی ترەمپ بۆ لیبیا لە کاتێکدایە، چەند رۆژێک پێش ئێستا، سەرۆکی ئەمریکا لە میانەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا لە ویلایەتی جۆرجیا، رەخنەی تووندی لە سیاسەتی کۆچبەریی رکابەرەکانی گرت و لەو چوارچێوەیەدا ناوی لیبیا و چەند وڵاتێکی دیکەی هێنا. ترەمپ لە گوتارەکەیدا لیبیای بە وڵاتێکی پڕ لە تیرۆر ناوبرد، ئەمەش کاردانەوەی تووندی سەرکردەکانی لیبیای لێکەوتەوە.
لە کاردانەوەی ئەو قسانەدا، هەردوو حکوومەتی رکابەر لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای لیبیا سەرکۆنەی لێدوانەکانی ترەمپیان کرد و بە سووکایەتی بۆ سەر گەلی لیبیایان دانا. هەروەها وەزارەتی دەرەوەی لیبیا لە تەرابلوس، باڵیۆزی ئەمریکای بانگهێشت کرد و یاداشتێکی ناڕەزایەتیی پێشکەش کرد.