بەقایی: نابێت گەمارۆکانی ئەمریکا کێشە لە نێوان دراوسێکاندا دروست بکات

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران پێشوازی لە وەزیری بەرگریی سعوودیە، سوپاسالاری پاکستان و سەرۆکی هەواڵگریی تورکیا دەکات بۆ تاوتوێکردنی پرسە ئەمنییەکان و ئاسایشی ناوچەکە، گوتیشی: ئاسایشی ناوچەکە تەنیا بە دەستی وڵاتانی ناوخۆی ناوچەکە بەدی دێت، هەروەها رەخنەی لە هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپاش گرت. 

ئەمرۆ دووشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: تاران ئەمڕۆ پێشوازی لە وەزیری بەرگریی سعوودیە، سوپاسالاری پاکستان و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا دەکات. بەقایی روونیکردەوە، ئەو دەستپێشخەرییە لە کاتی سەردانەکەی عاسم مونیر بۆ تاران هاتە ئاراوە و دوای رێکخستنی ئامادەکارییەکان، ئەمڕۆ کۆبوونەوەکە بەڕێوە دەچێت.

بەقایی گوتی "بە بۆچوونی ئێمە، ئەو راستییەی وڵاتانی ناوچەکە دەیانەوێت ئاسایشی ناوچەیی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی خۆیان دابڕێژن، بابەتێکی باشە". گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختیکردەوە، ئاسایشی ناوچەکە تەنیا بە پشتبەستن بە ویست و پێداویستییەکانی وڵاتانی ناوچەکە بەدی دێت و کۆبوونەوەکە دەتوانێت دەستپێکێک بێت بۆ گەیشتن بە ئاسایشێکی ناوخۆیی.

لە دیدارەکانی ئەو سێ بەرپرسە لەگەڵ سەرۆککۆمار و ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، جگە لە پرسە ئەمنییەکان، پەرەسەندنی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فەڵەستین و لوبنان و کاریگەرییەکانی دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران تاوتوێ دەکرێن.

سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەوروپا، بەقایی روونیکردەوە، ناتوانرێت گۆڕانی رووی دیپلۆماسیی وڵاتانی ئەوروپی بە گۆڕانی سیاسەت بناسێنرێت و رەنگە تەنیا بابەتێکی سیاسی بێت. بەقایی گوتیشی "سێ وڵاتە ئەوروپییەکە لە دوو ساڵی رابردوودا بەهیچ شێوەیەک پاڵپشت نەبوون، تەنانەت ئامادە نەبوون دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بە راشکاوی ئیدانە بکەن"، جەختیکردەوە، ئەوروپا خۆی کردووەتە بەشێک لە کێشەکە و بەدوای سیاسەتەکانی ئەمریکادا کەوتووە، بۆیە هیوای خواست وڵاتانی ئەوروپی بە واقیعبینانەتر لە پێشهاتەکانی رۆژئاوای ئاسیا بڕوانن.

سەبارەت بە سنوورەکانی ئێران و پاکستان، بەقایی رایگەیاند، لایەنی پاکستانی کێشەکانی بە تەکنیکی وەسف کردووە و ئێران چاوەڕوانی چارەسەری خێرای ئەوانە. لە پەیوەندی لەگەڵ عێراقیشدا، بەقایی جەختیکردەوە، باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی ئێران بە جددی بەدواداچوون بۆ پرسەکان دەکەن و روونیکردەوە، بەرپرسانی عێراقیش خۆیان ئاماژەیان بە فشاری ئەمریکا کردووە. دەشڵێت، نابێت رێگە بدرێت دەستدرێژی و گەمارۆ نایاساییەکانی ئەمریکا کێشە لە نێوان دراوسێکاندا دروست بکات.

لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ئان و ساتی هەڵبژاردنەکانی کنێستدا، بەقایی گوتی "من پێم وانییە لەوێ هەڵبژاردن بەو واتایە هەبێت، بەڵکو کێبڕکێی نێوان باندەکانە بۆ ئەنجامدانی تاوانی زیاتر". بەقایی جەختیکردەوە، بۆ ئێران جیاوازی نییە کێ دەسەڵاتی ئیسرائیل دەگرێتە دەست، چونکە مێژووی ئەو رژێمە تەنیا کوشتار و توندوتیژی بووە.

بەقایی لەدریژەی قسەکانیدا دڵنیایی دا، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە بەرگریکردن لە خاک و سەروەریی وڵاتەکە هیچ درێخییەک ناکەن و ئێران لە بەکارهێنانی مافی بەرگریی رەوای خۆیدا سڵ ناکاتەوە.