سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ خاوەنکاران و وەبەرهێنەرانی دەڤەری بادینان کۆدەبێتەوە
لە دهۆک سەرۆکوەزیران لەگەڵ ژمارەیەک لە خاوەنکاران و بەڵێندەران و وەبەرهێنەران کۆبووەوە و جەختی لە پاڵپشتیكردن و پێشکەشکردنی ئاسانكاری بۆ كەرتی تایبەت کردەوە.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری دهۆک، لەگەڵ ژمارەیەک لە خاوەنکاران و بەڵێندەران و وەبەرهێنەران کۆبووەوە.
سەرۆکی حکومەت بە پێزانینەوە، باسی لە رۆڵی گرنگی کەرتی تایبەتی لە هەرێمی کوردستان کرد لە هاوکاریکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەشەپێدان هەمەلایەنی ئابووری و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی کەرتی تایبەتی کرد کە هاوشانی حکومەت، رۆڵێکی کارای هەبووە لە پێشخستنی زیاتری بزاڤی بازرگانی و رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ گەنجانی کوردستان.
هاوکات دووپاتیشی کردەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیكردن و پێشکەشکردنی ئاسانكاری بۆ كەرتی تایبەت، بۆ ئەوەی پەرە بە هەموو سێکتەرەکان بدرێت و خزمەتگوزارییەکی باشتر پێشکەشی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکرێت.



