ئەمریکا خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی ئێران ئامادەدەکات
بەگوێرەی راپۆرتێکی سی ئێن ئێن، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا و پێنتاگۆن خەریکی ئامادەکردنی لیستێکی بەرفراوانی ئامانجەکانن لە ئێران. ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکی پێشبینی دەکەن ئۆپەراسیۆنی سەربازیی نوێ بەر لە کۆتاییهاتنی ئەمساڵ دەستپێبکات.
دووشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرچاوە ئەمریکییەکان بە ( سی ئێن ئێن )ـیان راگەیاندووە، مەودای ئۆپەراسیۆنەکان رەنگە لەو پەلامارانە فراوانتر بێت کە پێشتر بە ئامانجی پاراستنی دۆخی ئێستا دەکران. ئەو پەلامارانە پێشتر رادار و سەکۆی هاویشتنی مووشەک و کەرەستە ئێرانییەکانیان دەکردە ئامانج کە دەکرای بە خێرایی بخرێنەوە کار، ئەمەش لە دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سەرەتای ئەمساڵدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تەواوەکانی راگرت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سی ئێن ئێن، ئەو لیستەی ئامانجەکان لە قۆناغی پەرەپێداندایە و ژێرخانی وزەی ئێران و بنکە سەربازییەکان و دامەزراوە ئەتۆمییەکان دەگرێتەوە.
سەبارەت بە بڕیارەکە، بەرپرسانی ئەمریکی پێیان وایە دەرکردنی فەرمان لەلایەن ترەمپەوە بووەتە بابەتێکی کاتی و پێشبینی دەکەن فەرمانەکە دوای هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس دەربچێت، هەرچەندە ئەگەری هەیە لە هەر ساتێکی پێش کۆتاییهاتنی ئەمساڵدا رووبدات.
ئەو بەرپرسانە جەختیانکردەوە، ترەمپ هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە، سەرەڕای ئەوەی پێدەچێت مەیلی بۆ دەرکردنی بڕیاری یەکلاکەرەوە هەبێت. هاوکات هۆشدارییان دا لەوەی کە ترەمپ پێشتر ئاراستەی خۆی بۆ هەنگاوی دیاریکراو پێشانداوە، بەڵام لە ساتەوەختی کۆتاییدا پاشگەز بووەتەوە.
بەرپرسانی ئەمریکی لەو بارەیەوە گوتیان: "هێزەکانمان ئامادەن بۆ کردنی ئۆپەراسیۆن دژی ئێران لە ماوەی 96 کاتژمێردا لەدوای وەرگرتنی فەرمانی ترەمپ".
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئاگادارەکان لە نوێترین هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا رایانگەیاندووە، ئێران و حوسییەکان بە جددی هەڵسەنگاندن بۆ ئەگەری دووبارەبوونەوەی پەلامارە ئەمریکییەکان و رەنگە ئیسرائیلییەکان دەکەن. بەگوێرەی ئەو هەڵسەنگاندنانە، پێشبینی دەکرێت تاران و حوسییەکان دەستبەجێ وەڵامی هەر ئۆپەراسیۆنێکی نوێ بدەنەوە.
سەرچاوەیەک رایگەیاند، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا لە قۆناغی ئێستادا ئەگەری ئەوەی ئێران و حوسییەکان هێرشی پێشوەختەی بەرفراوان دژی ئەمریکییەکان یان ئیسرائیل ئەنجام بدەن بە دوور دەزانن، بەڵام پێشبینی دەکەن ئەگەر ئێران سەرەتا رووبەڕووی هێرش ببێتەوە، وەڵام بداتەوە.
لە پەیوەندییەکی دیکەدا، سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئیسرائیلی بە سی ئێن ئێنی راگەیاندووە کە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەوڵیداوە ترەمپ رازی بکات بەر لە هەڵبژاردنەکان هێرشێکی هاوبەش دژی ئێران ئەنجام بدەن، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا رەزامەندیی پێ نەداوە. نووسینگەی نەتەنیاهوو ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە و بە هەواڵی درۆ وەسفی کرد.
سەرچاوە ئەمنییەکەی ئیسرائیل ئەوەشی خستەڕوو، یەکێک لە هۆکارەکانی رەتکردنەوەی ترەمپ ئەوە بووە کە ئیال زامیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بە دان کین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکای راگەیاندووە کە ئەو هێرشە زیان بە هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی دواخستنیان.
سەرچاوەیەکی سێیەمی ئاگادار باسی لەوە کردووە، ئیسرائیل لە هەفتەی رابردوودا خۆی بۆ ئەگەری کردنی پەلاماری زیاتر بۆ سەر ئێران ئامادە کردبوو و لەو پێناوەشدا پەستانی خستبووە سەر واشنتن بۆ پشتیوانیکردن و تەواوکردنی ئەو هەنگاوانە.
لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ترەمپ داوایان لە ئیسرائیل کردووە پەلە نەکەن. بەپێی قسەی ئەو سەرچاوەیە، ئەوان رایانگەیاندووە، هەردوو وڵات بەم نزیکانە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجام دەدەن.