ئەردۆغان: ئەوروپا بەنزین بە ئاگری ناوچەکەدا دەکات
سەرۆکی تورکیا رایگەیاند، تورکیا بە هیچ شێوەیەک هەوڵی بەدەستهێنانی دەستکەوت لەسەر حسابی هیچ لایەنێک لە دەریای ناوەڕاست نادات، گوتیشی، هەندێک لایەن لە جیاتی دامرکاندنەوەی ئاگری ناوچەکە بەنزینی پێدا دەکەن.
دووشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەتەکەی لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، روونیکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆسیەکانی ئابووری و ئاسایش و دۆخی ناوچەکە و جیهانیان کردووە.
سەبارەت بە رێککەوتنی دەریایی لەگەڵ لیبیا، ئەردۆغان گوتی: "کاردانەوەی یەکێتی ئەوروپا و لایەنەکانی دیکە بەرامبەر بە پەسەندکردنی رێککەوتنی دەریایی لەگەڵ لیبیا، هیچ بنەمایەکی یاساییان نییە."
ئەردۆغان جەختیکردەوە، وڵاتەکەی بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ پاراستنی سەقامگیری لەژێر رۆشنایی ئەو گرژییە زۆرەی ناوچەکە و جیهانی گرتووەتەوە.
سەرۆکی تورکیا لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی گوتی: "کەسانی خاوەن خەونی فراوانخوازی لە ناوچەکەدا هەن کە نەوت بەسەر ئاگردا دەکەن، بەڵام هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە هەوڵی کوژاندنەوەی ئەو ئاگرانە دەدەین."
ئەردۆغان روونیکردەوە، ناوچەکە لەم ماوەیەی دواییدا شایەتی گۆڕانکاری گرنگ بووە. ئەوان هەوڵێکی زۆر دەدەن بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرانەی لە ناوچەکە و جیهاندا هەڵگیرساون و کار بۆ وەستاندنی ئەو خوێنڕشتنە دەکەن کە روودەدات.
سەرۆکی تورکیا لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: "تورکیا دژی ئەوانەیە کە بەنزین بەسەر ئاگری ناوچەکەدا دەکەن و ئێمە بەردەوامین لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دۆستانەکانمان لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان. ئێمە هەوڵی تۆمارکردنی گۆڵ لە گۆڵی هیچ لایەنێک نادەین، بەڵکو تەنیا هەوڵی پاراستنی مافەکانی خۆمان دەدەین."