هاوپەیمانیی عەرەبی حەوت ئامانجی حووسییەکانی لەناوبرد

هاوپەیمانیی عەرەبی بۆ پاڵپشتیی شەرعییەت لە یەمەن رایگەیاند، 7 مووشەک و درۆنی حووسییەکانیان تێکشکاندووە کە ناوچەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی سعوودیەیان کردبووە ئامانج. هاوکات پێکدادانی یەکلاکەرەوە لە نێوان حووسییەکان لەلایەک و هاوپەیمانی و هێزە حکوومییەکانی یەمەن لەلایەکی دیکەوە بەردەوامە و زیان بەر ژێرخانی ئابووری و ناوچە مەدەنییەکان کەوتووە.

گوتەبێژی هاوپەیمانییەکە لە پۆستێکدا لە سەکۆی ئێکس ئاشکرایکرد، سیستمی بەرگریی ئاسمانی توانیویەتی چوار درۆنی حووسییەکان تێکبشکێنێت کە ئاراستەی ناوچەی باشوور کرابوون. ئەم راگەیەندراوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوکرایەوە، دوای ئەوەی پێشتر لە بەیاننامەیەکدا تێکشکاندنی سێ مووشەکی بالیستی راگەیەندرا بوو کە بەرەو ناوچەی رۆژهەڵاتی سعوودیە هاویشترابوون.

پێشبینی دەکرێت حووسییەکان لە راگەیەندراوێکی سەربازیدا بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشانە لە ئەستۆ بگرن. دووشەممە حووسییەکان رایانگەیاندبوو بە درۆن وێستگەکانی پاڵاوتنی نەوتی سعوودیەیان لە هێڵی رۆژهەڵات - رۆژئاوا کردووەتە ئامانج. لەبەرامبەردا هاوپەیمانییەکە تێکشکاندنی چەند سەکۆیەکی مووشەکی لە سەنعا راگەیاند کە یەکێکیان بۆ هێرشکردنە سەر ریاز بەکارهاتبوو.

یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان دووشەممە ئاشکرایکرد، فڕۆکە جەنگییەکانی سعوودیە لە 24 کاتژمێری رابردوودا 119 هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر دامەزراوە و پێگە مەدەنییەکان لە سەنعای پایتەخت و 6 پارێزگای یەمەن کردووە. لەبەرامبەردا بەرگریی شارستانیی سعوودیە زیانەکانی بەرکەوتنی چەند باڵەخانەیەکی مەدەنی لە وڵاتەکە بەهۆی هێرشە حووسییەکانەوە تۆمار کردووە.

چەند فڕۆکەخانەیەکی سەرەکیی سعوودیەش رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە کە بەهۆیەوە ژمارەیەک کەس گیانیان لەدەستداوە و زیانی مادیی لێکەوتووەتەوە. راگەیاندنی حووسییەکانیش بەردەوامە لە تیشک خستنەسەر ئەو هێرشە ئاسمانییانەی سعوودیە کە چەندین شار و ناوچەی مەدەنی دەکەنە ئامانج و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی کوژراون و بریندار بوون.