لە ئەنتاڵیا بەهۆی زریانەوە چوار کرێکار گیانیان لەدەستدا

شەپۆلێکی توندی با و باران شاری ئەنتاڵیای تورکیای گرتەوە و بەهۆیەوە 4 کرێکار گیانیان لەدەستدا. کاریگەرییەکانی ئەم نزمەپاڵەپەستۆیە فراوانتر بووە و چەند وڵاتێکی دەریای ناوەڕاستی گرتووەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکان، نزمەپاڵەپەستۆیەکی قووڵ لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بووەتە هۆی دروستبوونی گەردەلوولێکی توند لە ناوچەی کێپێز لە ئەنتاڵیا. بەهۆی توندیی باوە، کارەڤانێکی نیشتەجێبوونی کرێکارانی بیناسازی هەڵکەندراوە و 5 کرێکار فڕێدراونەتە سەر شەقام.

دوو کرێکار دەستبەجێ لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە و دووانی دیکەش دوای گەیاندنیان بۆ نەخۆشخانە گیانیان سپاردووە.

لایەنە پەیوەندیدارەکانی تورکیا هۆشدارییان داوەتە هاووڵاتییان و خاوەنکاران کە دەستبەجێ کارەڤان و یەکە کاتییەکانی نیشتەجێبوون لە پڕۆژەکانی بیناسازیدا چۆڵ بکەن. هەروەها داوایان کردووە رافێعە و ئامێرە قورسەکان توندوتۆڵ بکەن و هاووڵاتییان لە کەناراوەکان و ئەو ناوچانەی مەترسیی لافاویان لەسەرە دوور بکەونەوە.

لە هەمان کاتدا داوا لە دانیشتووان کراوە لە ژوورەوە و دوور لە پەنجەرەکان بمێننەوە، ئامێرە کارەباییەکان بکوژێننەوە و تا کۆتاییهاتنی شەپۆلەکە بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت نەچنە دەرەوە.

هەروا کاریگەریی ئەم نزمەپاڵەپەستۆیە تەنیا لە تورکیادا نەمایەوە و چەندین وڵاتی دیکەی گرتەوە لەوانەش یۆنان دەستەی کەشناسیی وڵاتەکە هۆشداریی پلە "سوور"ی بۆ ئەسینای پایتەخت و دوورگەکانی دۆدیکانیز، سپۆرادیس و ئیڤیا راگەیاندووە بەهۆی مەترسیی دروستبوونی لافاو و هەورەبرووسکەی توند. هەروەها قوبرس، بارانی بەخوڕ و رەشەبا جووڵەی دەریاوانی و کەشتیوانیی لە وڵاتەکەدا تووشی پەککەوتن کردووە. لەلایەکی دیکەوە لە لیبیا کەناراوەکانی باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، بەتایبەت ناوچەکانی "جەبەل ئەلئەخزەر و بەنغازی"، رووبەڕووی شەپۆلی بەرزی دەریا و بارانی پچڕپچڕ بوونەتەوە. لە مسڕیش دەستەی کەشناسیی میسر هۆشداری داوە لە دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما، هەڵکردنی با و تۆز، و بارانی بەخوڕ و بروسکە لە کەناراوەکانی باکووری وڵاتەکە کە لە هەندێک ناوچەدا لەوانەیە بگاتە ئاستی لافاو.